Ramal Mahmood
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2016
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش لەرۆژی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ شاری هەولێر لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش و شاندی یاوەری لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانییەوە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لەپیرمام پێشوازییان لێکرا. دوور لەچاوی کامێراکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دواتر دەمیرتاش و میرانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا وەک شاندی هەدەپە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامداوە، راشیگەیاند کە ئامانجی بنەڕەتی هەموو پارتە کوردییەکان چارەسەرکردنی کێشەکانیان و هەماهەنگیی و هاریکارییە لەنێوانیاندا.
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا پارتەکەی بەهۆی رێزگرتنی گەل و پارتەکانی ئێرە زۆر دڵخۆشە و گوتی: "بەڵام ئەوە ئەرکی سەرشانمان قورستر و بەرپرسارێتیمان زیاتر دەکات. ئێمەش هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکەین. لێرە لەگەڵ هەموو حزبەکان و تێڕوانینە سیاسییەکان بەڕۆحیەتی برایانە نزیکدەبینەوە".
سەڵاحەدین دەمیرتاش تیشکی خستەسەر ئەوەی پێویستە حزبە سیاسییە کوردییەکان دیالۆگ بکەن و گوتی: "لەو قۆناغە مێژوویەدا خۆیشیان (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەو بەرپرسارێتییە تێدەگەن. ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەرکارێک کە بەپێی بکرێت بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەنێوان لایەنە کوردییەکان، بەرەوپێشبردنی هەماهەنگیی و یەکێتیی نەتەوەیی".
هەروەها گوتیشی: "با هەموو گەلی ئیمە دڵنیا بێت لەوەی ئێمە ئەو حزبە سیاسییانەین کە لەرووی ئایدۆلۆژیی و جیهانبینییەوە لەیەکتر جیاوازین. ئەوەش پێویستە بۆ دیموکراسی ناو کۆمەڵگە و گەل. بەڵام ئەم جیاوازییانەمان لەو قۆناغە مێژوویەدا نابێت رێگریی لەم قۆناغە بکات. ئێمە سەرەتا دەبێت گەلەکەمان لەچوارچێوەی یەکێتیی نەتەوەییدا لەژێر چەترێکدا کۆبکەینەوە".
لای خۆیشییەوە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی، گوتی: "ئاڵوگۆڕی تێڕانینی هەردوولامان زۆر باش بوو. زۆر خاڵی هاوبەشی سیاسیی، ئایدۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییمان هەیە. بەڕێز دەمیرتاش و هەڤاڵانی بیرۆکەی زۆرباشیان هێنایە بەرباس، ئێمەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیمان لێکردن. ئەوە باشترین وەڵامە بۆ ئەوانەی نایانەوێت ئێمە لە کوردستان یەکگرتوو بین. لەوباوەڕدام باشترین رێگەمان هەڵبژاردووە بۆ دەستنیشانکردنی هەڵەکان و بەخۆداچوونەوەمان".
شاندی یاوەری دەمیرتاش لەکۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتیدا پێکهاتبوون لە گوتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە بەسیمە کۆنجا، جێگرانی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە فاتمە کورتوڵان و نادی یڵدرم، پەرلەمانتاران جەلال دۆغان، ئیمام تاشچیئەر، نیعمەتوڵڵا ئەردۆغموش، میدحەت سانجار، عوسمان بایدەمیر و ئەندامی ئەنجوومەنی پارتەکە عەبدوڵڵا ئاڵاگۆز.
شاندەکەی هەدەپە دواتر لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوێنێش شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی هەریمی کوردستان مەسعوود بارزانی کۆبوونەوە و دواتریش لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆبوونەوە.