سەنعا
ھێزەكانی ھاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی بە فەرماندەیی سعوودیە، فڕۆكەخانە سەربازییەكان و یەكەكانی سیستمی بەرگری شاری ئەل ھودەیدا لە یەمەن بۆردومان كرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شایەدحاڵەكان دەستی كەوتووە، ھێزەكانی ھاوپەیمانانی عەرەبی 15 ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر فڕۆكەخانەی سەربازی شاری ئەل ھودەیدا ئەنجام داوە. لە ئەنجامی بۆردومانەكاندا بەشی لۆجیستی فڕۆكەخانەكە زەرەرێكی زۆری بەركەوتووە ھاوكات گڕیشی گرتووە. ھێزەكانی ھاوپەیمانان ھەر ھەمان رۆژ بۆردومانی ناوچەی ئەل زەحی كردووە كە بە ناوەندی كۆبوونەوەی حوسیەكان ھەژماردەكرێت.
فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان كەمپی ئەل جەبانەشیان كردووەتە ئامانج، تەلەفزیۆنی نزیك لە حوسیەكان ئەل مەسیڕا بڵاوی كردووەتەوە فڕۆكە جەنگیەكانی ھاوپەیمانان دوو ھێرشیان بۆ سەر سایلۆكانی گەنمی نزیك دەریای سوور ئەنجام داوە لە ئەنجامیشدا كریكارێك گیانی لە دەستداوە.
لە لایەكی دیكەش حوسیەكان لە شاری تەعز بە رۆكێت بۆردوومانی چەند گەرەكێكیان كردووە لە ئاكامی ھێرشەكاندا سێ كەس كوژراو و 25ی دیكەش بریندار بووە. بەرپرسانی نەخۆشخانەی تەعز سەبارەت بە ھێرشەكان رایدەگەیێنن حوسیەكان ھێرشیان كردووتە سەر چوار گەرەك لە شاری تەعز لە ئەنجامدا سێ كەس كوژراون و 25 دیكەش بریندار بووە.
لە ئەنجامی ھێرشێكی دیكەی حوسیەكان بۆ سەر ئینمای سەر بە پارێزگای عەدەن ئافرەتێك و سێ منداڵ گیانیان لە دەستدا. ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەكەن حوسیەكان كاتێك فڕۆكە جەنگییەكان دوور دەكەونەوە ئینجا ھێرشەكانیان دەست پێدەكەن ئەمەش بە تایبەتی لە كاتی بەرەبانگ و پارشیودا.
دوای بانگەوازەكەی سەركۆماری یەمەن مەنسوور ھادی بۆ راگرتنی پێشڕەوییەكانی حوسییەكان ھاوپەیمانییەك بە فەرماندەیی سعوودیە دژی حوسییەكان پێك ھێنرا. ھێزەكانی ھاوپەیمانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكەدا سەر لە بەیانی رۆژی 26 ئادار دەستیان كرد بە بۆردومانی حوسییەكان لە یەمەن. لە 21 نیسانیشدا كۆتایی پێھات. دواجار ئۆپەڕاسیۆنی "گەڕانەوەی ھیوا" دەستی پێ كرد.