مۆشە یالۆن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای رەخنەی توندی کاربەدەستانی ئەمریکا کە تانەی دابوو لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لێبووردنی کرد.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، یالۆن بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوتووە "زۆر کەللە ڕەقە و وەک مەسیح ھەڵسوکەوت دەکا." لە سەر ئەو قسانەی یالۆن، کاربەدەستانی ئەمریکا ناڕەزایەتی توندیان نیشاندا، دواجار مۆشە یالۆن داوای لێبووردنی لە جۆن کیری کرد.
بە پێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، دوای ناڕەزایەتی کاربەدەستانی ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھۆ لەگەڵ وەزیری بەرگریی مۆشە یالۆن کۆبۆتەوە، دوای کۆبوونەوەکە یالۆن لە لێدوانێکی چاپەمەنیی دا، داوای لێبووردنی لە کیری کردووە و تێیدا دەڵێ رێز لە ھەوڵەکانی جۆن کیری دەگرێ.
پێشترگوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو: ئەگەر یالۆن قسەی وایکردبێ، مایەی نیگەرانی و ناڕازایی ئێمەیە.