Ozhin Jola
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
کەرکووک – AA
راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، ئیسماعیل حەدیدی رایگەیاند کە پێویستە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ھۆشداری ئەوەیش دا ئەگەر پڕۆسەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا وڵات بەرەوڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە.
ئیسماعیل حەدیدی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو رایگەیاند کە پێویستە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و گوتی:
" رۆژی ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیداریکراوە و پێویستە کەرکووکیش ئامادەبێت بۆ ھەڵبژاردن و و نابێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە لە ئەگەری دواخستنی پڕۆسەکەدا، ئەوا عێراق بەرەوڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە".
گوتیشی: "لێژنەیەکی ئەمنی بۆ پاراستن و بەرێوبردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێکھێنراوە و بنکەکانی دەنگدایش پارێزراو دەبن بەبێ بوونی ھیچ فشارێک لەسەر دەنگدەران و دەمانەوێت ھەڵبژاردنی داھاتوو بەبێ ھیچ ساختەکاریەک بەرێوەبچێت" .
سەبارەت بە رۆڵی ھێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا، ئەوا راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، ئیسماعیل حەدیدی باسی لەوەکرد کە ھێزە ئەمنییەکان رۆڵی بەرچاویان دەبێت لە پاراستن و سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا، ھەروەک چۆن ئەو رۆڵەیان لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا، گێرابوو رێگریان لە ئەنجامدانی ساختەکاریی و گوتی: "ئەم ھەڵبژاردنە گرنگ و مێژوویە بۆ گەلی عێراق و دەبێت ھەمووان بەشداربن لەم ھەڵبژاردنە و ھیچ رێگریەکیش لەبەردەم ھیچ پارت و لایەنێک نیيە بۆ بەشداریکردن لەھەڵبژاردنەکەدا".