ههولێر - شوان سدیق
ئەمڕۆ یەكشەممە ژمارەیەك كوڕ و كچ و ژنی بەساڵاچووی ئێزدی كە نیشتەجێی شاری هەولێر و دهۆكن، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، لە شاری هەولێر گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
ئێزدیەكان، جلوبەرگی تایبەتی خۆیان پۆشی بوو دروشمی شەنگال و ئێزدیەكان ماڵوێران و شاربەدەربوون، داعش قەتڵوعام و كۆمەڵكوژی كردن، لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان دەوتەوە.
مەحموود شنگالی كوڕێكی گەنجە و دەڵێت "بۆیە هاتووینەتە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان دەمانەوێت، پەیامی ئێمەی ئێزدی بە دونیا بگات بۆ بەهاناوە هاتنی ئێزدیەكان، هەروەها حكوومەتی عێراقیش بەداخەوە تا ئێستا هاوكاری نەكردووین ئەویش بێتە سەر خەت و بەرپرسانی عێراقی لەبەرامبەر داعشی بێویژان هەڵوێستیان هەبێت هیچ نەبێت هاوكاری لێقەوماوانی ئێزدی بكەن".
ئەو كوڕە گەنجە ئەوەشی گوت "تا ئێستاش هەزاران هاووڵاتی ئێزدی لەژێر دەسەڵاتی داعشدان، شەرەف و نامووسی ئێزدی كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت، زۆربەیان ژن و منداڵن چی ویژدان و ئەخلاقێك رێگە بەم تراجیدیایە دەدات پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دونیا لە بەرامبەر ئەم كۆسپە گەورەیە بێدەنگ نەبن هاوكاری ئێزدیەكان بكەن و دژی داعش بووەستنەوە بۆ ئەوەی كەسوكارمان ئازاد بكرێن".
ئێزدیەكان بەدروشم سڵاویان لە پێكەوەژیانی ئایینی و چڤاكی دەكرد لە كوردستان، هەروەها جەختیان لەسەر رووداوەكان دەكردەوە، كە داعش بەسەر ئێزدیەكانی هێناوە. لەناو ئاپۆڕای گردبوونەوەكە كچێكی تر پۆستەرێكی بەرزكردبووە، بەرواری 8.3.2014 پێوەبوو كە گوزارشتی لەرۆژی كارەساتی شنگال دەكرد بەگەورەیی نووسرابوو "ئێمە ئێوە لە بیر ناكەین و ئێوەش بەتەنیا نین".
هاتنە دەنگی ئێزدیەكان بۆ بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری هەولێر لەكاتێكدایە سبەی دووشەممە سێی ئاب ساڵێك بەسەر كۆنترۆڵكردنی شنگال و ناوچەكانی ئێزدی نشین تێپەڕ دەبێت، لەلایەن چەكدارانی داعش.
دوای هاتنی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش بۆ مووسڵ رۆژی سێی ئابی 2014 توانیان قەزای شنگال و دەورووبەری كۆنترۆڵ بكەن، لەوكاتەدا زەرەر و زیانێكی زۆریان گەیاند بە هاووڵاتییانی ناوچەكە بەتایبەتی ئێزدی.
هەر لەوكاتەدا حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی كە داعش بەسەر ئێزدیەكانی هێنا كە هەزاران هاووڵاتی ئاوارەبوون و زیاتر لە هەزار ژن و منداڵیان دەستەبەركران، هەرێمی كوردستان بە جینۆسایدی دانا.
ڤیان ئەكرەمیش كچێكی تەمەن 25 ساڵە و لەگەڵ دەستە كوڕ و كچە ناسراوەكانی لەشاری دهۆكەوە هاتووە بۆ گردبوونەوەی بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو بە پەیامنێری ئانادۆڵوی رایگەیاند "ژنانی ئێزدی داخوازیان ئەوەیە هاونیشتمانی و دۆست و ناسراوەكانیان بە هەر نرخێك بێت ئازاد بكرێن، هیواداریشین ناوچەكانمان ئازاد بكرێن، بەتایبەتی شنگال بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێن و ماڵی خۆمان چونكە بەراستی ژیانی ئاوارەی و ناوكەمپ مەرگەساتە".
ڤیان گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان درێخی نەكردووە، هاوكاری ئێزدیەكانی كردووە بەڵام لەراستیدا ئێمە زۆرین بۆیە حكوومەت توانای بەڕێوەبردن و هاوكاری ئەو هەموو ئاوارەی نییە چونكە خەڵكێكی تریش ئێستا پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، بەداخەوە دەبوو حكوومەتی عێراق هاوكاریمان بكات بەڵام نەیكردووە".
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال و ناوچەكانی ئێزدی نیشین لە ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دەستی پێكرد هێزەكانی پێشمەركە توانیان تا 20.12.2015 بەشی زۆری گوند و ناحیەكانی سەربە قەزای شنگال كۆنترۆڵ بكەنەوە لە ئێستادا تەنیا شاری شنگال لە دەست چەكدارانی داعشە.
بۆ ئازاكردنی ئەو شارەش بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین جار جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە گرێ دراوە، بە مووسڵ لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردكردنی مووسڵیش شنگال بە یەكجاری كۆنترۆڵ دەكرێتەوە.