دیاربەکر
گرووپێک لە ئێزدییەکان لە کەمپێكی دیاربەکر بە بیانووی نالەباری ھەڵومەرجی کەمپەکە، ویستیان بچنە وڵاتانی ئەورووپا.
ئەم گرووپە ئێزدییە بە مەبەستی چوونیان بۆ ئەورووپا بە ئۆتۆمبێڵ کەوتنە رێگا بەڵام جەندرمەی ناوچەکە بە ھۆی پاراستنی ئاسایشیان رێگەیان نەدا کە ئێزدییەکان بە کۆمەڵ بڕۆن.
بەم پێیەش لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە بە بێ مۆڵەت کەمپەکەیان جێھێشتبوو بۆیە رێگە نەدرا دووبارە بگەڕێنەوە کەمپەکە، ھاوکات ئەم گرووپەش لە سەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی چناری سەر بە دیاربەکر، کۆبوونەوە.
یەکێک لە پەنابەرە ئێزدییەکان بە ناوی باسەر خەلەف ٢٠ ساڵ رایگەیاند کە بارودۆخی کەمپەکە خراپە و بەم پێیەش دەیانەوێت بەجێبھێڵن، ناوبراو راشیگەیاند کە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی منداڵان بە تەواوی دەستەبەر نەکراوە. ھاوکات گوتیشی: "لەوەتەی سەعاتی ٥ی بەیانییەوە لێرە وەستاوین و رێگە نادرێ بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە کەمپەکە، ئێمە لە شنگال ھەڵاتووین، ئەو کاتە لە چیا و دەشتاییەکان بە بێ ئاو خۆراک ماینەوە ئێستاش لێرە لە ھەمان بارودۆخ داین".
قایمقامی شارۆچکەی چناری سەر بە پارێزگای دیاربەکر، ئیسماعیل شانڵی گەیشتە ناوچەکە و زانیاری لە ھێزەكانی ئەمنیی ناوچەکە وەرگرت.
شانڵی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەم گرووپە ئێزدییە بۆ ئەوەی بگەنە سنووری بولگارستان لە کەمپەکە جیابوونەتەوە. بەڵام جەندرمە بە ھۆی پاراستنی ئاسایش رێگەی نەداوە ئەم گرووپە بە کۆمەڵ کۆچ بکەن، راشیگەیاند کە بە نیازن ئەو گرووپە رەوانەی کەمپێکی دیکە بکەن.