ئیسلام ئاباد
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان، رایگەیاند لە خولی دووەمی هەڵبژادنی سەرکۆماریی وڵاتەکەیاندا کە لە ١٤ی حوزەیراندا بەڕێوە چوو، وەزیری پێشووی دارایی ئەشرەف غانی ئەحمەدزەی ٥٦.٤٩%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان یوسف نورستانی ئاماژەی بەوە دا کە بژاردنی دەنگەکان تەواو بووە و رایگەیاند، ئەحمەدزەی ٥٦.٤٩% و عەبدولڵا عەبدولڵا ٤٣.٥٦%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
نورستانی باسی لەوەش کرد کە لە هەڵبژاردنەکاندا هەشت ملیۆن کەس دەنگیان داوە، کە لەو ژمارەیە سێ ملیۆنیان ئافرەت بوونە.
ئاشکراشی کرد کە لە کۆی شەش هەزار و ١٧٧ سندوقی دەنگدان،٢٥٠ سندوق بەهۆی هۆکاری ئاسایشەوە داخراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کردووە، ١١٤ سندوق دەنگەکانیان رەفز کراونەتەوە کە چوار هەزار و ٤٢٧ دەنگیان تایبەت بووە بە ئەحمەدزەی و چوار هەزار ٤٢٨یشیان دەنگی عەبدولڵا بووە.
کاندیدەکان سکاڵاکانیان لای کۆمیسیۆنی سکاڵاکانی هەڵبژاردن تۆمار دەکەن و دوای هەڵسەنگاندنی سکاڵاکان، ئەنجامە کۆتاییەکان رادەگەیەنرێ.