Hemin Hüseyin
12 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2018
هەولێر- AA
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەھائەدین لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی تورکیا.
لە پەیامەکەی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا ھاتووە: "بەبۆنەی سەرکەوتنی بەرچاوتان لە خولی نوێی سەرۆکایەتیی کۆماردا، بەناوی خۆم و سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و وڵاتی تورکیا دەکەم بە گەل و سەرکردایەتییەوە. دیارە سەرکەوتنی ئەم کاروانەی ئێوە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکەتان و ئوممەت رووبەڕووی تەحەدییاتی گەورە دەبنەوە، دەستنیشانکردنی ئێوە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم کاروانە لە ئیرادەی گەلانی تورکیا بەرجەستە دەبێت بە ھەموو رەنگ و شەبەنگەکانییەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە: "ئەم سەرکەوتنە لە ئێوە و گەلانی تورکیا پیرۆز بێت و ھیوای سەرکەوتن و تەوفیق و بەرەوپێشچوونتان بۆ دەخوازین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەموو تەحەدییاتەکان و سەرکردایەتیکردنی کاروان بۆ رابوون و ھەستانەوە، خوازیارین ئەم سەرکەوتنە وەرچەخانێک بێت بەرەو سەقامگیری و کرانەوەی دیموکراسی، ھەروەھا فاکتەرێکی کاریگەر بێت بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندیی نێوان گەلانی ناوچەکە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی ھاوبەش و دراوسێیەتی باش و خزمەتی دۆزە رەواکەی. خوای گەورە سەرکەوتووتان بکات و بتانپارێزیێت".