سلێمانی
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کاوە عەبدوڵڵا ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ AA گوتی: "پێمان سەیرە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن داوای دواخستنی ھەڵبژاردن بکات، ئەمە جێی پرسیارو گومانەو لەدنیادا شتی وا نەبووە کۆمیسیۆن ھەڵبژاردن دوا بخات، چونکە بڕیارێکی وا لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە."
وا بڕیارە ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێ، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق تائێستا دووجار حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە کە ناتوانن ئەو ھەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدەن، دوایینجار رۆژی سێشەممە جارێکی دیکە داوای دواخستنی کردووە.
کاوە عەبدوڵڵا لەبارەی گومانەکانیان زیاتر گوتی: "ئەو پاساوەی کۆمیسیۆن لاوازە کەدەڵێن فریای سازکردنی ھەڵبژاردن ناکەوین، پێشتر خۆیان ئەو رۆژەیان دیاری کردووە، ئەوەش گومان دروست دەکات داوایەکی حیزبی دەسەڵات بێ و لەڕێی کۆمیسیۆنەوە دەریبڕن."
بەبۆچوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن کاوە گوتی: "ئەو ئەنجامانە دەریخست لەھەڵبژاردنی پارێزگاکاندا حیزبەکانی دەسەڵات بێجگە لەشاری سلێمانی، مەترسیی لەدەستدانی شاری ھەولێرو دھۆکیشیان ھەیە."
ساڵی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، لەو کاتەوە تائێستا ھەڵبژاردنی پارێزگاکان نەکراوە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش چەندین جار داوای بەڕێوەچوونی ئەو ھەڵبژاردنەیان کردووە.