Zana Natık Kerem
11 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رۆژی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی دیاری کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد حەلبوسی رایگەیاندووە، کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران یەک برگە لەخۆدەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار.
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق رێکنەکەوتوون و ھەردوولا سوورن لەسەر ئەوەی کاندیدانی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق نەکشێننەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق کاندید کردووە و لای خۆیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح-ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.