Hamit Hüseyin
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی بە ھەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری بە ھەمیشەییکردنی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەوە خزمەت دەکەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ کردووەتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتە سەر کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان و سەرکۆماری عێراق و لایەنە کوردستانییەکان کە تێیدا جەخت لەسەر یەکدەنگی و ھاوھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە لە بەغدا و، بەشدارانی کۆبوونەوەکە ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی، نابێت مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە عێراق کەم بکرێنەوە.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی بە ھەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری بە ھەمیشەییکردنی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەوە خزمەت دەکەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ کردووەتەوە.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆکردن بووە دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی و راگیراوی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان.
لەم بارەیەوە وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان راپۆرتێکی دەربارەی ئەم بابەتە خستوەتە ڕوو.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەتەوە لە سەر بەردەوامبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و بۆ وەرگرتنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری قوربانیان، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش لە گفتوگۆدا دەبێت لە سەر ئەم بابەتە.