1 23
08 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2016
سلێمانی - AA
مامۆستایان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بەمەبەستی ڕزگاركردنی پەروەردە و باشكردنی ژیانی مامۆستایانی كوردستان و هەوڵدان بۆ رانەوەستانی پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی نوێدا، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەكرێت حكوومەت بە جدی وەڵامی داواكانیان بداتەوە.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەست پێبكاتەوە، نیگەرانیی و هۆشداریی مامۆستایانی زانكۆ و خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دواكەوتنی مووچە و خراپی بژێوییانەوە زیاتر بووە و بەشێكیان هەڕەشەی مانگرتن و نەچوونەوە هۆڵەكانی خوێندن دەكەن.
ساڵی رابردوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە ، مامۆستایان نزیكەی دوو مانگ مانگرتنیان راگەیاند و نەچوونەوە هۆڵەكانی خوێندن، دوای گوشاری لایەنە جیاجیاكان و بۆ بەفیڕۆنەچوونی ساڵێكی خوێندنی خویندکاران، بڕیاردرا بە شكاندنی مانگرتن و دەستكردنەوە بە دەوامی خوێندن.
بۆ ئەو مەبەستە و بیروڕا گۆڕینەوە و دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ رزگاركردنی پەروەردە و باشكردنی ژیانی مامۆستایانی كوردستان، بەسەرپەرشتیی مامۆستایانی ناڕازی و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی كۆبوونەوەی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەروەردە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەرهەم مستەفا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە ئێستادا وەك یەكێتیی مامۆستایان راگەیەنراوێك و یاداشتێكمان داوەتە حكوومەتی هەرێم و خەممان ئەوەیە پڕۆسەی پەروەردە پەكی نەكەوێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا حكوومەتی هەرێم وەڵامی نەداوینەتەوە و بێباكە لەبەرامبەر پڕۆسەی پەروەردە ، دواجار كە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان كەوتە مەترسییەوە ئەوكات پڕۆسەی پەروەردە لە قەیراندا دەبێت و ئەمساڵ ساڵێكی سەخت دەبێت و پڕۆسەكە پەكی دەكەوێت".
ئەو بەرپرسەی یەكێتیی مامۆستایان داوایكرد بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە حكوومەت دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان بكات و مووچەكان لە كاتی خۆیدا دابەشبكرێت و گوێ لە داواكارییەكانیان بگرێت.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دڵشاد عومەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بەهۆی جەژنی قوربانەوە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی 2016 – 2017 بۆ رۆژی 17ی ئەم مانگە دواكەوتووە، وەك بەڕێوەبەرێتی گشتیی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە هیوامانە دەوام ئاسایی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگامان لە دۆخی دارایی مامۆستا هەیە كە دۆخێكی زۆر خراپە و ژمارەیەكی زۆری مامۆستایانمان هاتوچۆ دەکەن و ئەو مووچەیەی وەریدەگرن بەشی كرێی ئۆتۆمبێلەكەیان ناكات ، لە رێگەی ئەم كۆڕ و سیمینارانەوە دەمانەوێت هەوڵەكانمان یەكخەین و گوشار و پێشنیار بدەینە حكوومەت بۆ باشكردنی ئەو دۆخە".
ئەو داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لەماوەی ئەو چەند رۆژەی پێش دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندندا وەڵامی داواكارییەكانیان بداتەوە و ژیانی مامۆستایان باشبكەنەوە.
دڵشاد عومەر گوتیشی: "بەردەوام كارئاسانی بۆ مامۆستایان دەكەین، بەڵام قەیرانی دارایی قوڵ بووتەوە و پێشبینی دەكەم ئەو ئاسانكارییانە هیچ كاریگەریی نەكاتە سەر ژیانی مامۆستا، ئەگەر بابەتی مووچەی مامۆستایان چارەسەر نەكرێت پرۆسەی ئەمساڵی خوێندن لەژێر هەڕەشە و مەترسیدایە".
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و فێركردن لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان سەروەر عەبدولڕەحمان، لە كۆبونەوەكەدا گوتی: "مەترسیی هەیە پرۆسەی خوێندن لەم وڵاتەدا پەكی بكەوێت ، پەروەردە خۆی لە قەیرانێكی بچووکدا نییە، ئەگەر پڕۆسەی پەروەردەمان باش بووایە نەدەگەیشتینە ئەم حاڵەتە".
ئەو گوتی: "گرنگە جەخت لەوەبكەینەوە پڕۆسەی خوێندن نەوەستێت، لەهەمانكاتدا پێویستە مافی مامۆستایان نەفەوتێت و هەوڵەكان یەكبخەین و گوشاربكەین لەسەر حكومەت".
لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی نزیكەی 40 هەزار مامۆستا هەیە، بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەش زیاتر لە 10 هەزار مامۆستایان لە ناو شارەكانەوە هاتوچۆی قوتابخانەكانی قەزا و ناحیەكان دەكەن.