Azat Muhammet
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2017
دهۆک - AA
نوێنەرى ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا(ئەنەکەسە) لە ئیئتیلافی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنى سووریا، عەبدولحەکیم بەشار رایگەیاند "پڕۆژەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا لەگەڵ پڕۆژەکانى رژێمى سووریا تەواو پێچەوانەى یەکترن، ئۆپۆزسیۆنى سووریا داواى راگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى ئارامى بۆ ناوچەکە دەکات لە بەرامبەردا رژێمى سووریا درێژە بە کوشتن و خوێن رشتن دەدات، بۆیە رژێم ئامادەى گفتوگۆ نابێت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى سووریا، بەمەیش کۆبوونەوەکانى جنێڤ نابێتە جێگەى ئومێد بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى سووریا، هیچ رێککەوتنێک نایەتە ئاراوە لە نێوان هەردوولا. ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کۆبوونەوەکانى جنێڤ سەرکەوتوو نەبێت".
نوێنەرى ئەنەکەسە لە ئیئتیلافی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنى سووریا، عەبدولحەکیم بەشار کە هاوکات ئەندامى لێژنەى باڵاى گفتوگاکانى جنێڤ چوارە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى لە سووریا وەک شاندێکى یەکگرتوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى سووریا بەشدارى کۆبوونەوەکانى جنێڤ دەبێت، بە یەک لیست هەمان پڕۆژە و هەمان ئامانج لە کۆبوونەوەکانى جنیڤ چوار لە ٢٣ى شوباتدا دەخەینەڕوو، دەمانەوێت تەواوى پێشێلکارییەکانى رژێمى ئەسەد نیشان بدەین، ئامانجیشمان بونیاتنانى سووریایەکى سەقامگیرە".
گوتیشى: "کە لە کۆبوونەوەکانى جنێڤدا باسى رژێمى سووریا دەکەین چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە یش دەگرێتەوە، چونکە رژێمى سووریا و چەکدارانى پەیەدە پێکەوە هەڵدەستن بە ئەنجامدانى کوشتن و رفاندن و بەند کردنى هاووڵاتییانى بێ تاوان لە ناوچە جیا جیاکانى سووریا بە ناوچە کوردییەکانیشەوە، ئەو حاڵەتانە چەندین حاڵەتى دیکەى نەخوازراو بە پشت بەستن بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتى کۆکراوە لەسەر ئەو دوو گرووپە مرۆڤ کوژە دەخەینەڕوو، پڕۆژەکانى شاندى ئۆپۆزسیۆنى سووریا لە بەرژەوەندى تەواوى هاووڵاتییانى سووریایە بەبێ جیاوازى نێوان پێکهاتە و چین و توێژە جیاوازەکان".
ئەو ئەندامەى لێژنەى باڵاى گفتوگۆکانى جنێڤ چوار دەڵێت "ئێمە لە کۆبوونەوەکانى جنێڤ چواردا بەڵگەى ئەوەمان ئامادە کردووە کە هەرکاتێک دەستوورێکى نوێ بۆ سووریا دابڕێژرێت یەکێک لە داواکارییەکانى ئێمە سیستەمى دیموکراتى بۆ سووریا بچەسپێت و بە هەمان شێوە زمانى کوردى یەکێک بێت لە زمانە فەرمییەکانى سووریا، جگە لە زمانى دایک لە بەرنامە و سیاسەتى ئێمەدایە هەموو مافە رەواکانى گەلى کورد لە سووریا بەدى بێنین".
عەبدولحەکیم بەشار ئاماژەى بە ئامادەبوونى ئۆپۆزسیۆنى سووریادا بۆ هەر پڕۆژەیەک لە پێناو چارەسەرکردنى کێشەکانى سووریا بێت و گوتى: "ئۆپۆزسیۆنى سووریا لە نێوشیاندا ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سوریا بە هێزى چەکدار و سڤیلەوە ئامادەى گفتوگۆکانى جنێڤ دەبێت، ئامانجیش یەکلایی کردنەوە و چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەو وڵاتەیە، بەڵام بە داخەوە هەرچەند رژێمى سووریا بەشدار دەبێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکى نەناوە بۆ کۆتاییهێنان بەو نەهامەتییانەى دووچارى گەلى سووریا بووەتەوە".
عەبدولحەکیم بەشار ئەوەى خستەڕوو کە تورکیا و رووسیا وەک دوو هێزى نێودەوڵەتى بە چڕى کار لەسەر ئەوە دەکەن شەڕ لە سەرتاسەرى سووریا رابگرن، دەیانەوێت کۆمەک و هاوکارى مرۆیی بگەیەنرێتە هاووڵاتییانى گەمارۆدراو و کاریش لەسەر ئەوە دەکەن بەندکراوان لە بەندیخانەکانى رژێمى سووریا و چەکدارانى پەیەدە رزگار بکەن، تورکیا بە هەموو توانای خۆیەوە پشتگیرى پڕۆژەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا و ئەنەکەسە وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن دەکات و هەوڵ دەدات ئۆپۆزسیۆنى سووریا لەلایەنى سیاسى هەموو پڕۆژەکانى ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو بێت.
نوێنەرى ئەنەکەسە لە ئیئتیلافی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنى سووریا، عەبدولحەکیم بەشار گوتیشی: "جگە لەوەى تورکیا لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ سیاسییەکان پاڵپشتى ئۆپۆزسیۆنى سووریایە، لەلایەنى سەربازیش بە شێوەیەکى کاریگەر هاوکارى سەربازی پێشکەش بە سوپاى ئازاد دەکات لە دەوربەرى چەرابلوس و ئەلباب دا، ئەمەیش لە بەرژەوەندى گەلى سووریا دایە، چونکە سوپاى ئازاد دژى تیرۆریستانى داعش و رژێمى ئەسەد و چەکدارانى پەیەدەیە، تورکیا بەو ئامانجە کار دەکات تا چەند تیرۆریستان لە ناو بچن هەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتى کەم دەبێتەوە".
بڕیارە کۆبوونەوەکانى جنێڤ چوار لە ٢٣ى شوبات بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى سووریا بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە وڵاتە زڵهێزەکان بەڕێوە بچێت.