Mustafa Melih Ahıshalı
17 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2015
تاران
بەر لە کۆبوونەوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەر و وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفی کۆبوونەوە و تێدا باسیان لە قەیرانی سووریا کرد.
دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە رۆڵی ئەڵمانیا لە چارەسەری کێشە نێودەوڵەتیان کرد و گوتی: "هەوڵەکانی ئەڵمانیا بەرز دەنرخێنین، ئەڵمانیا لە بابەتی قەیرانی ئێران و کێشەکانی کەنداوی بەسرا رۆڵی ئەرێنی بەرچاوی هەبوو".
ناوبراو گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەڵمانیا بڕەو پێ بدەین بەجۆرێک ببێتە نموونەیەک بۆ ئەو وڵاتە ئەورووپیانەی دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئێران دروست بکەن".
سەبارەت بە پرسیاری کێشەی نێوان سعوودیە و ئێران، محەمەد جەواد زەریفی گوتی: "نامانەوێت سعوودیە لەناو ببەین بەڵام رێگە بەو وڵاتەش نادەین ئەگەر هەوڵ بدات ئێران لەناو ببات".
سەبارەت پرسیاری ئەوەی کە ئەمریکا رایدەگەیەنێت کە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەمریکا هیچ مافێکی نییە باس لەو بابەتە بکات، ئەو روونکردنەوانە هیچ کاریگەرییەکی نێودەوڵەتی دروست ناکات، ئیسرائیل چەندین مانۆڕی هاوشێوەی لە ناوچەکە ئەنجام داوە، لە رێککەوتنامەکەی ئەتۆمی باس لەوە نەکراوە کە نەتوانین مووشەکی بالستیکی تاقی بکەینەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەر گوتی: "سەبارەت بە قەیرانی ناوچەکە لە چەند سەعاتی داهاتوودا کۆ دەبینەوە، باس لەوە دەکەین کە بزانین چیمان پێ دەکرێت تا بیکەین، دەمانەوێت کۆتایی بە کێشەکانی سووریا بێنین، هەرچەند کێشەکانی سووریا قووڵ بێت بەڵام بۆ چارەسەرکردنی پێویستە هەنگاو بنێین".