Hawkar Yaseen
26 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2022
هەولێر - AA
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند "یەکێتی هیچ ئیرادەیەکی سەپێنراو قبوڵ ناکات و هیچ بڕیارێکیش لە دەرەوەی ئیرادەی گەل نادات".
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەوانیی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکراوەتەوە هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانی یەکێتی لەسەر دوایین هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی عێراق و دوایین هەڵوێستی یەکێتی وەک هێزێکی بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بەرچاوڕوون کرد".
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "یەکێتی هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندی گەلەکەمان نادات و هیچ ئیرادەیەکی سەپێنراویش قبوڵ ناکات، بە پشتبەستن بە مێژووی سەربەرزی یەکێتی و گەلەکەمان هەموو هەنگاو و بڕیارێکمان لە پێناو یەکڕیزی و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی میللەتەکەمانە".