Zana Natık Kerem
26 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی، شوان محەمەد رۆستەم رایگەیاند کە ھەموو لایەنەکان ناچارن، بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن بەتایبەت لایەنە کوردییەکان تا عێراق لەم چەقبەستووە رزگار بکەن.
شوان محەمەد رۆستەم لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئامادەکاریی تەواویان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە کردووە و گوتی: "ئومێد دەکەین دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت".
گوتیشی: "ھەمووان ناچارین بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەین بەتایبەت لایەنە کوردییەکان تا خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بکەین و عێراقیش لەم چەقبەستووە رزگار بکەین".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی، شوان محەمەد رۆستەم باسی لەوەش کرد کە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە بەردەوامە.
شوان محەمەد رۆستەم لەبارەی ئەوەی ئایا سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی بۆ ئێران پەیوەندی بە ئەگەری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ھەیە گوتی: "زانیارییمان ھەیە کە محەمەد حەلبوسی سەردانی ئێران دەکات، بەڵام سەردانەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە نییە".
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق ئەنجام بدرێت.