ئەنقەرە
سەبارەت بەڕەخنەکانی پارتی بەدەپە و وەسفکردنی پاکێجی دیموکراسی بەوەی وەک "کولەکەی بەتاڵ" بەتاڵە، حوسێن چەلیک جێگری سەرۆکی ئاکەپە گوتی: پێویستە ئەندامانی بەدەپە لە ھەڵسەنگاندنەکانیان بۆ مەسەلەکان دەستبەرداری ئەو ڕەفتارانە بن کە دەبنە مایەی توندوتیژی و لە وشەی ھەڕەشە و بەزاندنی رەوشتی سیاسی دووربکەونەوە. لە ڕاستیدا پاکێجەکە بەتاڵ نیە بەڵکو ھەڕەشە و ھەڵسەنگاندن و رەخنەکانی بەدەپە بەتاڵن، ئێوە بچوکترین پارتی سیاسی نێو پەلەمانی تور کیان، ھەندێک ھێزتان خستۆتە پاڵ پارتەکەتان و لەپێشانگای ئاوێنەوە تەماشی خۆتان دەکەن.
لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لەبارەگای ئاکەپە سەبارەت بە ڕەخنەکانی کەمال کلیچدارئۆغلو سەرۆکی جەھەپە کە لەبارەی ئازادکردنی ئەو دوو فرۆکەوانە تورکەی لە لوبنان گیرابوون گوتبووی: "وەک بڵێی ئەردۆغان ڕزگاری کردبن، با سوپاسی قەتەر بکەن" گوتی، " ئایا دەزانن ئەمە لەچی دەچێت؟ لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانی لە تورکیا، ڕوسەکان ھاوکاریی ئێمەیان کرد بەتایبەتی روسە کۆمۆنیستەکان، ئێستا ئێوە شانازی بەخۆتانەوە ناکەن، ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی ھێزی ئەوکاتی گەلی تورکیا و سەردەمی ئەتاتورک نیە و سوپاسی لینین بکەن، واتا سوپاسی روسیا بکەن، ئەم بیرکردنەوەیە ھەمان بیرکردنەوەیە لەگەڵ کڵیچدارئۆغڵو."
گوتیشی: کاتێک فەلەستین گیراوێکی ئیسرائیلی ئازاد کرد بەناوی گەلعاد شالید حکومەتی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری گیراوی فەلەستینی ئازاد کرد و لەبەرامبەر دا گەلی ئیسرائیلی چەپڵەیان بۆ حکومەتی نەتانیاھۆ لێداو سوپاسیان کرد، ئەم مەسەلانە نابێت بەو شێوەیە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر ئەردۆغان کارێکی وابکات ئەوا چەپڵەی بۆ لێ نادرێـت، بەڵام ئەگەر نەتانیاھۆ ئەنجامی بدات جێگای رێزو ستایش دەبێت.
چەلیک ڕایگەیاند: کاتێک ڕۆژنامەنوس جونەیت ئوناڵ لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە دەستبەسەر کرا پارتی جەھەپە چوو لەگەڵ ئەسەد دانیشت و دواتر وتیان ئێمە جونەیتمان ئازاد کرد، جەھەپە ستایشی ھەوڵەکانی دەکرد، دانەوەی جونەیت بە جەھەپە وەک ئەوە وایە پەکەکە گیراوێک بداتەوە بە بەدەپە.
ھەر سەبارەت بە وتەکانی فرۆکەوانە ئازاد کراوەکان چەلیک گوتی: پێویستە فرۆکەوانەکان قسە نەکەن و زۆر باش دەبێت ئەگەر بێدەنگی بنوێنن، دەڵین زۆر بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە دەکرد، ئەشکەنجەیان نەداین، کاکە گیان با دەستگیرت نەکات و میوانداریشت نەکات.
حوسێن چەلیک گوتی: پێویستە ئەندامانی بەدەپە دەستبەرداری ئەو ڕەفتارانە بن کە دەبنە ھۆی توندوتیژی، لە ھەڵسەنگاندنەکانیان بۆ مەسەلەکان دەبێت لە وشەی ھەڕەشە و بەزاندنی ڕەوشتی سیاسی دوور بکەونەوە.
چەلیک لەدرێژەی لێدوانەکەیدا چەند زانیاریەکی سەبارەت بەپرۆژەی دروستکردنی دیواری ٣٠٠ مەتری نێوان سنوری سوریا و تورکیا لەشارەدێی نوسەیبین دا و گوتی: پرۆژەی دیواری نوسەیبن وەک دیواری نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، نیە شتێکی بێ مانایە ئەگەر بەو شێوەیە بیربکەنەوە.
گوتیشی: ھەندێک لایەن ھەڕەشە دەکەن و دەڵێن ئێمە ڕێگە نادەین، یاسای وڵات بەھیچ شێوەیەک ھەڕەشە قبوڵ ناکات، ئەگەر شوێنێک پێویستی بە ھەر شتێک بوو ئەوا دەوڵەت ئەنجامی دەدات، بەتایبەتی داوا لە ئەندامانی بەدەپە دەکەم کە زیان بەپرۆسەی چارەسەرکردن نەگەیەنن، وەک پێشتر گوتومە دوبارە دەیڵێمەوە لەو کاتەی ئیدارەی بەدەپە زانیویەتی ئۆجەلان سەیری تەلەفزیۆن دەکات بۆ ڕاکێشانی رۆحیەتی ڕۆمانتیکی ھۆشدارانە تر وتەکانیان دەردەبڕن، بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەن ئەم جۆرە ڕیگایە وڵات بەرەو گێرەشێوێنی و توندوتیژی دەبات، پێویستە ئەندامانی بەدەپە لەکاتی لێدوانەکانیاندا ئاگاداری ڕەوشت و گوتەکانیان بن.
لەبارەی گوتە نەرێنیەکانی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی چارەسەرکردن، ھەروەھا گەڕانەوەی ئەو گەریلایانەی لەتورکیا پاشەکشەیان کردوە چەلیک گوتی: ئێمە لەگەڵ سیاسیەکان گفتوگۆ دەکەین، پەیوەندیەکمان بەلایەنی پەکەکە و قەندیل و شاخەوە نیە و روونکردنەوە لەسەر گوتەکانی ئەوان نادەم، ھیچ لێدوانێک بە ڕاست دانانێم، دوا گوتەشم ئەوەیە: نامانەوێت لەم وڵاتەدا خوێن بڕژێت، ناشمانەوێت منداڵی کورد و تورک بمرن، تەنھا ئەو دوو نەتەوەیە نا بەڵکو لەگەڵ مردنی ھیچ منداڵێکدا نین، ئەوەی لەتواناماندا بێت ئەنجاممان داوە و تا کۆتاش ئەنجامی دەدەین، بەڵام بابڵێن ئەم کارە سەری نەگرت و پەکەکە دوبارە دەستی کردەوە بە شەڕ و باوەشی بەچەکدا گرت، ئەم پرسیارە بەردەوام ئاڕاستەی من دەکرێت، ئەوەی پێویست بێت برادەران ئەنجامی دەدەن، ھێز و سوپای وڵات ئەرکیان پاراستنی وڵات و مرۆڤەکانە، ھیواخوازم ئەم کارە روونەدات، نامانەوێت دووبارە چەکەکان لەتورکیا بتەقنەوە، ھیوادارم دووبارە ڕۆڵەکانمان نەمرن و فرمێسک بەچاوی دایکانماندا نەیەتە خوارەوە، ھەوڵ و چالاکیەکانی ئێمە بە ئاراستەی ئاشتییە و پێویستە ھەموو لایەک پرۆسەی چارەسەرکردن بپارێزن.