Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2019
سلێمانی ـ AA
عومەر بەرزنجی کە پێشتر باڵیۆزی عێراق بووە لە ڤاتیکان، رۆمانیا و لوبنان و بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراقی ھەبووە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دروستبوونی گۆڕانکاری لە عێراقدا، قەتەر یەکێک بووە لەو دەوڵەتانەی کە عێراق باڵیۆزخانەی خۆی تیادا کردەوە و باڵیۆزخانەی خۆی ھەبووە، بەڵام مەرج نییە باڵیۆزی ھەبووبێت و کارەکان لەو وڵاتە بە شێوەی راپەراندنی کار بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ماوەی دوو ساڵ باڵیۆزێک لەو وڵاتە داندراوە لە میانی ئەم چەند ساڵەشدا باڵیۆزخانەکە باڵیۆزی نەبووە و کاروبارەکان راپەڕێندراون".
ئەو گوتی: "لەئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەخۆوە بینیوە لە رووی سیاسی و بازرگانی و ئابوورییەوە و لە ماوەی رابردوودا سەرکۆماری عێراق سەردانی ئەو وڵاتەی کرد، لەم دوو ھەفتەی رابردوودا باڵیۆزی قەتەر لە بەغدا دەستبەکاربوو، سبەی منیش وەک باڵیۆزی عێراق لە دۆحە دەستبەکار دەبم و دەبمە نوێنەری ھەموو گەلانی عێراق بە پێکھاتە جیاجیاکانییەوە".
بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد ، لەئێستادا عێراق لە رووی پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکی ھاوسەنگی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی جیھان ھەیە و نەبووەتە جەمسەرێکی ململانێ نێودەوڵەتیی و ناوچەییەکان.
ئەو گوتی: "عێراق بڕیاری داوە ببێتە جەمسەرێکی سەرەکی و نەچێتە ململانێیەکانی لایەک بەرامبەر لایەکی تر و جەمسەرچێیەتی نەکات، بۆیە لەئێستادا لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیھان پەیوەندی خۆی ھەیە و دەتوانێت لەو ململانێیانەدا خۆی رابگرێت و بەدوور بێت لە کاریگەری ململانێیەکان".