دیاربەکر
ئەمرۆ سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی شارەوانیی دیاربەکر کرد و لەگەل پەرلەمەنتاری بەدەپە و سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر کۆبووەوە.
دوای سەردانەکە، بایدەمیر لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان گوتی: "ھیوادارم سەردانی ئەردۆغان یارمەتیی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی بدات و ئاشتییەکی ھەمیشەیی لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی ھەر بەردەوام بێ."
بایدەمیر باسی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کرد و گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا باسی ھەندێ پرۆژەمان کرد کە پەیوەندییان بە شاری دیاربەکرەوە ھەیە. لەوانە باسی ھەردوو پرۆژەی میترۆی سەر زەوی و روباری دیجلە.
ئەحمەد تورک پەرلەمانتاری سەربەخۆی ماردین باسی سەردانەکەی ئەردۆغان و بارزانی بۆ دیاربەکر کرد و گوتی: "لە دەستپێکەوە تا ئێستا ھەمیشە پشتگیریمان لە پرۆسەی ئاشتی کردوە، رێگەی چارەسەری ئەم کێشەیە دیالۆگ و ئاشتییە. پێویستە لە تورکیا مافەکانی گەلی کورد وەکو نەتەوەیەک لە دەستوور و یاسادا دەستنیشان بکرێ."
ھەروەھا گوتی: "بەرێز بارزانی بۆ دیداری ئەردۆغان سەردانی دیاربەکر دەکات، دەبێ ھەموو کەس بزانیت ئێرە ماڵی مەسعود بارزانییە. بارزانی سەردانی گەلی خۆی دەکات. ھەموومان دەزانین لەنێوان گەلی کورد لێک تێنەگەیشتن ھەیە. ئێستا گەلی کورد بە رۆژئاواوە سەرقاڵە، رۆژئاوا ئیرادەی ھەموو گەلی کوردە و دەبێ لە سەر ئەم بناغەیە کار بکەین."