هەولێر
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەهار عەبدولڕحمان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پرسی كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و هاوكاری سەربازیی وڵاتان کرد.
بەهار عەبدولڕەحمان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بارودۆخەكە لە بەرژەوەندی پێشمەرگەدایە و رۆژ لە دوای رۆژ پشتیوانی پێشمەرگە لە زیادبووندایە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی جیهان لەوە تێگەیشتوون كە پێشمەرگە بەرگری لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات و دەتوانێت شەڕی "تیرۆر" بكات.
بەهار عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەو شوێنانەی لە دوای 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشمەرگەی تیادا جێگیر كراوە، بەشێكی لە لایەن داعشەوە داگیر كرا، بەڵام لە ئێستادا پێشمەرگە بەشێكی زۆری كۆنترۆڵ كردووەتەوە، راستە شنگال و چەند ناوچەیەكی دیکە ماوە. بەڵام جەنگەكە بەردەوامە و هێزەكانی پێشمەرگەش لە پێشڕەویدان و داعش ئەو بەرگرییەی نەماوە".
سەبارەت بە مانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەكە کوردییە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەهار عەبدولڕەحمان دەڵێت کە بڕیاری پەرلەمانی هەرێم ئەوەیە نابێت پێشمەرگە بكشێتەوە و دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت.
باسی لەوەش کرد کە چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بەهۆی كشانەوەی سوپای عێراق بووە لەو سنوورانە و پێشمەرگە ئەو ناوچانەی داگیر نەكردووە و گوتی: "دیارە پەیوەندییەك لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە بۆ ئەم پرسە".
بەپێی رێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیارە لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕی یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دیاری بكرێت. لەوبارەیەوە بەهار عەبدولڕەحمان پێی وایە هەنگاوەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو باشی دەچن و بەپێی رێکكەوتنی نێوان هەردوو حكوومەت پشکی پێشمەرگە لەسەر بودجەی ساڵی 2015 دیاری كراوە.
سەبارەت بە رەوشی ژیانی پێشمەرگە، بەهار عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئەگەرچی رەوشی پێشمەرگە تا رادەیەك باشە، بەڵام پێویستە باشتر بكرێت، ئەوەشمان بە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان راگەیاندووە".
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە باس لە هاوكاری سەربازیی وڵاتان دەكات بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و دەڵێت: "هاوكارییەكانی وڵاتانی هاوپەیمان رۆڵی باشی گێڕاوە. بەڵام پێویستە ئەو هاوكارییە سەربازییانە زیاد بكرێن، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نین".