هەولێر
لەو گردبوونەوەیەدا وێرای خوێندنەوەی یاداشتی داواكارییەكانیان نوێنەرانی گشت پارتەكان، سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و یاداشتی خۆیان رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن.
لەو گردبوونەوەیەدا ئەندامانی هەر ١٦ حزبەكە، لە پێكهاتەكانی كورد و توركمان و مەسیحی بەشداربوون و داوایان دەكرد كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەدەم داواكارییەكانی ئەوان بچن و هەڕەشەی ئەوەشیان دەكرد كە ئەگەر بێتوو خواستەكەیان لەبەرچاو نەگیرێ، هەڵویستی دیكەیان دەبێ.
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی هەرێم ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لە هەرێمی كوردستان هەڵبژارد كە ئەندامەكانی لە نێوان پارتەكانی دەسەڵاتداری ئەم خولەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بوو و ئەمەش ناڕەزایەتی ئەو لایەنانەی لێكەوتووەتەوە.
لەو بارەیەوە ئەندامی سەركردایەتی حزبی شیوعی كوردستان شەپۆل فەتحی كەریم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند:" مەترسی زۆرمان هەیە لەسەر قورخكردنی دەسەڵات لەلایەن هەر پێنج پارتەكەی دەسەڵاتدار بۆیە ئێمە ئەو گردبوونەوەمان سازكردووە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەدەم داواكارییەكانی ئێمەوە نەیەن، هەڵوێستی دیكەمان دەبێ لەوانەیە پەنا ببەینە بەر جولاندنی شەقام.
ناوی پارەتەكانی بەشداری بووی گردبوونەوەكە بەو شێوەیە بوو:
حزبی شیوعی كوردستان
لیستی هەولێری توركمانی
یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری
حزبی ئایندەی كوردستان
لیستی بێت نەهرێن
حزبی دیموكراتی بێت النەهرێن
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
پارتی گەشەپێدانی توركمانی
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمانی
تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان
ئەنجوومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری
پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
پارتی چاكسازی پێشكەوتووی توركمانی