هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 10ی تشرینی دووه‌م، كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له هه‌ولێر كۆبووه‌وه و دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌كه
له راگه‌ینراوێكدا ئاماژه به دواخستنی كۆنگره بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار كرد.
كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد سه‌ره‌تا به هۆی دواخستنی كۆنگره‌یه‌وه داوای لێبووردنی له گه‌لی كورد كرد و رایگه‌یاند: پێشتر بڕیار بوو له مانگی ئابی ئه‌مساڵدا كۆنگره ساز بكرێ، به‌ڵام به هۆی چه‌ند كێشه‌یه‌كه‌وه كۆنگره بۆ 25ی تشرینی دووه‌م دواخرا.
كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه به هۆی كۆتایی نه‌هاتن به ئاماده‌كارییه‌كان و چه‌ند كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی، ئه‌مجاره‌یش سازدانی كۆنگره دواده‌خرێ بۆیه داوای لێبووردن له گه‌لی كورد ده‌كه‌ین و ئێمه‌یش وه‌كو كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری هه‌وڵه‌كانی خۆمان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان چڕتر ده‌كه‌ینه‌وه.
كۆمیته‌ی ئاماده‌كار هه‌روه‌ها هیواداره كه كێشه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانیش به دانوستان و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.
پێشتر بڕیاربوو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له رۆژانی 15 و 16 مانگی ئابدا سازبكرێ، به‌ڵام بۆ 25 و 26ی مانگی تشرینی دووه‌م دواخرا و ئه‌مجاره‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار دواخرا.