Zana Natık Kerem
14 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاماژهی بهوه كرد، مەسیحییەکانی عێراق و رۆژھەڵات، پێکھاتەیەکی رەسەنن و بەشداری کاریگەر و گرنگییان ھەیە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکانی ناوچەکەدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ شەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیھان، کاردیناڵ لویس ساکۆ و شاندی یاوەری.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرھەم ساڵح جەختی کردووەتەوه لەسەر ئەوەی کە "كریستیانهكانی عێراق و رۆژھەڵات، پێکھاتەیەکی گرنگ و رەسەنن لە ناوچەکەدا، و شانبەشانی براکانیان لە ھەموو پێکھاتەکانی دیکە رووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان بوونەتەوە"، ھاوکات دووپاتی کردووەتەوە کە كریستیانهكان رۆڵێکی مێژوویی، کاریگەر و گرنگیان ھەیە و توانیویانە بەشداربن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکانمان و لەھەمان کاتدا نەریت و بەھای رەسەنییان بەرھەم ھێناوە، بۆیە بە بێ كریستیانهكان ناتوانین وێنەی رۆژھەڵات بکەین.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ھەر لە دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح بەگرنگییەوە باسی لە سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق کردووە و رایگەیاندووە، کە سەردانەکە گوزارشت و پەیامی ھاوھەڵوێستی مرۆڤایەتی قووڵی ھەبوو بۆ عێراق کە بۆ چەندین دەیە بەدەست توندوتیژی و ململانێ کەڵەکەبووەکان ناڵاندوویەتی و ئێستاش چاوی لەوەیە بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئارامی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پێکھاتە ھەمەجۆرەکانی ھەنگاو بنێت.
لای خۆیەوە کاردیناڵ لویس ساکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەركۆماری عێراق دەربڕیوه بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی لە كریستیانهكانی وڵات، ھەروەھا ھەوڵەکانی بەرھەم ساڵح لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەڕووی كریستیانهكان بووەتەوە و رۆڵی گرنگی لەچەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق بەرزنرخاندووە.