Zana Natık Kerem
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی فیدراڵیی کۆنووسێکی ھاوبەشیان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان لەیاسای بوودجەدا، واژوو کرد.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوێنێ چوارشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی کۆبوونەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجە، بە مەبەستی ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەدا.
باسی لەوەیش کردووە کە لەو چوارچێوەیەشدا، کۆنووسێکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو لا واژوو کراوە و رایگەیاندووە: "بڕیار وایە کە دەستبەجێ تەمویلی ھەرێمی کوردستان بکرێت".
دوێنێ چوارشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کوردستان گەڕایەوە بەغدا و لە میانیدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی حکوومەتی عێراق کۆبووەیەوە.
چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی کۆببێتەوە.