Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2018
سلێمانی - AA
ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و پەرلەمانتاری کوردستان، شێرکۆ جەودەت لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ئەگەری بەشداریکردنی لایەنە ناڕازییەکانی ھەرێمی کوردستان یان لایەنە ئیسلامییەکان پێکەوە لە ھاوپەیمانییەتییەکدا لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان دوا.
شێرکۆ جەودەت گوتی: "ئێستا و ئەم چەند رۆژەی لە بەردەستدا ماوە دۆخی ھەماھەنگی و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکانە، تائێستا ھەموو ئەگەرەکان کراوەیە لە بەردەمماندا بۆ ئەوەی کە شێوازێک لە شێوازەکانی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەین، ئەویش پێویستی بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ھەیە، بەڵام ھەموو ئەگەرەکان لە بەردەمماندا کراوەیە".
شێرکۆ جەودەت گوتیشی: "ھەموو ئەگەرەکانی چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنەکان ھەیە و تا رۆژی دووشەممەی داھاتوو ٢٥ـی مانگ، دەکرێت ھەر ئەگەرێک لە ئارادا بێت کۆتایی پێبھێنرێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت لە لایەن ئەو لایەنانەی ھاوپەیمانییەتی دەکەن، ئەگەر ئەوەش نەکرێت ئەوا دەبێت تا رۆژی دووشەممە بڕیاری کۆتایی خۆمان بدەین".
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، وادەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانییەتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکراوەتەوە ، بەپێی ئەو وادەی کە پێشتر کۆمیسیۆن رایگەیاندبوو، رۆژی ٢٠/٦/٢٠١٨ وادەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانییەتی کۆتایی پێدەھات، بەڵام وادەکە بۆ کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی ٢٥ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.