وان
درووستكردنی پەنیر بە گیا كە ماوەی چەندین ساڵە وەك چێژێكی ئەو ناوچەیە دەناسرێت بە كۆكردنەوەی ئەو گژ و گیا جۆراوجۆرانە دەست پێدەكات كە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا لە ناوچە زۆر بەرزەكاندا دەڕوێن.
ناسراوترین بەرهەمی ئاژەڵی وان كە بریتییە لە پەنیر بە گیا، لە رووی بۆن و چێژەوە لە پەنیرەكانی دیكە زۆر جیاوازە و لە هەوێنی تایبەتی شیری مەڕ و ژمارەیەك گژ و گیای جۆراوجۆر درووست دەكرێت كە لە دۆڵەكان كۆدەكرێنەوە و باوەڕ وایە زۆر شیفا بەخش بن.
قۆناغی درووستكردنی زۆر پڕ ناڕەحەتییە و سەرقاڵی زۆرە و سەرچاوەی بژێوی زۆرێك لەو خێزانانەیە كە لە دەشتاییەكانی شاری وان و دەورووبەری دەژین. ئەو پەنیرە كە بەدەست و پەنجە و ماندوێتی ژنان درووست دەكرێت لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە ئاژەڵەكان دەچنە لەوەڕگاكان و گژ و گیاكان لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا پێدەگەن.
- درووستكردنی پەنیر بە گیا
ژنەكان لە بەهاردا دەچنە شاخ و دۆڵەكان و ئەو گژ و گیایانە كۆدەكەنەوە كە لە دروستركردنی پەنیرەكەدا بەكاردەهێنرێن. بۆ ئەوەی شیرەكانیان نایاب بن، مەڕەكان دەنێردرێن بۆ ئەو لەوەڕگایانەی لە بەرزاییەكاندان.
رۆژانە دوو جار مەڕەكان دەدۆشرێن و ئەو شیرەی لێیان وەردەگیرێت لانیكەم سێ جار دەپاڵێورێت. دواتر ژنان هەوێن دەكەنە شیرەكانەوە ودوای ٣٠ خولەك ئەو شیرە كە خەریكە رەق دەبێت دەخرێتە نێو كیسەی قوماشەوە.
دەمی كیسەكان دوای ئەوە دادەخرێت كە ئەو گژ و گیایەی پێشتر ئامادەكراوە و چنراوە لەگەڵ شیرەكەدا تێكەڵ دەكرێت و دواتر كیسەكە دەگوشرێت و ئاوەكەی دەپاڵێورێت. دوای دوو كاژێر پەنیرەكە شێوە دەگرێت و لە كیسەكە دەردەهێنرێت، بە خوێی دەنك گەورە خوێی پێوە دەكرێت و لەت لەت دەكرێت و دەخرێتە نێو گیراوەیەكەوە.
ئەو پەنیرە كە لەگەڵ ئاوەكەیدا دەكوڵێنرێت و وەك پەنیری سەوزی لێدێت، بۆ وەرزی زستان دەخرێتە نێو دەبەی پلاستیكەوە و لەنێو خاكدا دەشاردرێتەوە. دوای ئەو هەموو ماوەیە و كە زستان دەست پێدەكات پەنیرەكە دەهێنرێتە دەرەوە و لەبەر ئەوەش كە ئەو ماوەیە لەژێر خاكدا ماوەتەوە بە ئاسانی تێكناچێت و هەموو وەرزی زستان دەتوانڕیت بەكاربهێنرێت.
ئەو پەنیرانە كە لە شارۆچكەكانی شارەكە بە تامی جیاواز و لەسەر خواستی كڕیاران درووست دەكرێن، لە دوایین قۆناغدا دێتە سەر ئەوەی بازاڕگەری بۆ بكرێت.
''بازاڕی پەنیر فرۆشان''ی شارەكە گەورەترین خاڵی فرۆشتنی ئەو پەنیرەیە كە بەو هەموو ناڕەحەتییە دێتە بەرهەم و پێشكەشی هاووڵاتییان دەكرێت.
پەنیرفرۆشەكانی ئەو بازاڕە كە پەنیر بە زۆرێك لە شارەكانی توركیا دەفرۆشن، ئەو داخوازییانەش رەت ناكەنەوە كە لە وڵاتە دراوسیكانی توركیاوە دێن.
- نانی بەیانی وان بێ پەنیر بە گیا نابێت
یەكێك لە پەنیرفرۆشەكانی بازاڕەكە كە ماوەی ٢٢ ساڵە ئەو كارە دەكات بە ناوی كەنعان یاغز لە روونكردنەوەیەكدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە ماوەیەیەكی دوور و درێژە بە فرۆشتنی پەنیر بژێوی ژیانی دابین دەكات و رۆژ لە دوای رۆژ بازاڕەكەیان گەورە دەبێت و ئاماژەی بەوەكرد تامی هەر پەنیرێك كە لە شارۆچكەیەكەوە دێت جیاوازە لە پەنیری شارۆچكەیەكی دیكە كە ئەوان دەیانفرۆشن.
یاغز گوتی: "ئەو تایبەتمەندییەی كە پەنیر بە گیا لە پەنیرەكانی دیكە جیا دەكاتەوە ئەو گژی گیایانەیە كە تێیدایە و ئەوەش كە لە شیری مەڕ درووست دەكرێت. هەڵبەتە لەسەر خواسی كڕیاران جاری وا هەیە لە شیری مانگاش درووست دەكرێت. ئەو پەنیرە تا دەگاتە لای ئێمە بە پرۆسەیەكی دوور و درێژی بەرهەمهێناندا تێدەپەڕێت. جاری وا هەیە ماوەی بەرهەمهێنانەكە دەگاتە چەند مانگێك''.