Mesut Varol
08 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2021
وان – AA
لە دوای وشکبوونی دەریاچەی ئاکگۆل کە زیاتر لە ٤٠٧ ھێکتار رووبەری لە شارۆچکەی ئۆزئاڵپی پارێزگای وانى پۆشیوە، باڵندەکانی ناوچەکە ناچاربوون بۆ شوێنێكی دیکە کۆچبکەن.

دەریاچەی ئاکگۆل، کە ٣٠ کیلۆمەتر لە شارۆچکەکەوە دوورە و سەرچاوەی ئاوەکەی لە بەفر و بارانەوە دێت و درێژایی کەناراوەکانی نۆ کیلۆمەترە، ئەمساڵ وشکەساڵی بە نەرێنی کاریتێکردووە.
دەریاچەکە، کە ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی کۆچکردن میواندارێتی ھەزاران باڵندە لە دەیان جۆری جیاواز دەکات، بەھۆی گەرما و کەمی باران و بە ھەڵمبوونی خێراوە وشکبووەتەوە.

- "باڵندەکان ناچاربوون کۆچ بکەن"
بەڕێوەبەری ناوەندی پاراستن و بایخ پێدانەوەی ئاژەڵە کێوییەکان لە زانکۆی یوزنجی یڵ، پرۆفیسۆر دکتۆر لوقمان ئاسڵان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو وشکبوونەی کە لە دوایین رۆژەکانی وەرزی بەھاردا لە دەریاچەکە دەستیپێکرد، جێگەی سەرسوڕمان بوو.
ئاسڵان، گوتی، "لە راستیدا ئێمە وا چاوەڕوانبووین کە ئاوی دەریاچەکە لە مانگەکانی تەمووز و ئاب کەمببێتەوە، بەڵام وشکبوونەوەکە زۆر زوو روویدا. ئەمەش بەشێوەیەکی زۆر جیددی کاریگەری لەسەر ژیانی باڵندە کێوییەکان دەبێت. لە رۆژانی داھاتوودا و بەتایبەتی لە مانگی ئابدا ئەو وشکبوونەوە زیاددەکات. ئەمەش ئەنجامی نەرێنی لەسەر باڵندەکان و ژیانی کێوی دەبێت".

لەلای خۆیەوە، موختاری گەڕەکی باغریئاچکی قەراغی دەریاچەکە، نەجمەددین یاڵن، گوتی "چەندین ساڵە وشکبوونەوەیەکی وامان نەبینیوە. ئەو کانییانەی کە ساڵانێکە ئاوی لێدێت ئەم ساڵ وشکبوونەوە. ئێرە شوێنی نیشتنەوەی فلامینگۆکان بوو. چەندین جۆری باڵندە دەھاتە ئێرە. ئێرە بەھەشتی باڵندەکانە، مەخابن بەھۆی وشکەساڵییەوە باڵندەکان کۆچیانکرد. دەریاچەکە بە تەواوەتی وشکبوو".