Ramal Abdullah Mahmood
14 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2017
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە چەکدارییەی کرد کە لە بورکینا فاسۆ ئەنجامدرا و تیایدا هاووڵاتییەکی تورکیا کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی رابردوو لە واگادووگوو پایتەختی بورکینا فاسۆ ئەنجامدرا و تیایدا ژمارەیەک هاووڵاتیی بێگوناهـ بوونە قوربانی. لە لایەکی دیکەوە بە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکمان و برینداربوونی هاووڵاتییەکی دیکەمان لەو هێرشەدا لە ناخەوە خەمبار بووین".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنراوەکەدا پرسە و سەرەخۆشی حکوومەتی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە. تیایشدا هاتووە "تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن و هەماهەنگی لەگەڵ بورکینا فاسۆ کە بووەتە ئامانجی تیرۆری نێودەوڵەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا".
شەوی رابردوو لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خواردنگەیەک لە واگادووگوو پایتەختی بورکینا فاسۆ، ١٧ کەس کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی حکوومەت و وەزیری راگەیاندنی بورکینا فاسۆ، رەسیم داندژینو لە بارەی هێرشەکەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو لە شەودا هێرشکراوەتە سەر خواردنگەیەک لەسەر شەقامی وامەهـ کوروماهـ.
ناوبراو تیشکیشی خستبووە سەر ئەوەی کە لە هێرشەکەدا، ١٧ کەس کوژراون کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی تورکیایە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون، هێرشەکەیشی بە کردەیەکی تیرۆریستی لە قەڵەمدا.
تاکو ئێستا هیچ لایەنیک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە.