Zana Natık Kerem
19 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، تێریزا مای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی، حەیدەر عەبادی ئەنجامدا.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، تێریزا مای بە حەیدەر عەبادی راگەیاندووە كە بەریتانیا پشتیوانی لە یەكێتی عێراق دەكات و هیچ شتێكی قبووڵ نییە كە یەكێتی عێراق نیگەران بكات.
هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، تێریزا مای بە بۆنەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی حەیدەر عەبادی كردووە و دووپاتشی كردووەتەوە كە حكوومەتی بەریتانیا لە پشتیوانیكردنی حكوومەت و هێزەكانی عێراق لە بواری پڕچەككردن و مەشقكردن، بەردەوام دەبێت.
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی گوتووە: "ئێمە پشتیوانی لە یەكێتی عێراق دەكەین و هیچ شتێك قبووڵ ناكەیەن كە یەكێتی عێراق نیگەران بكات و هەروەها ئێمە لەگەڵ عێراقێكی یەگگرتوو و سەقامگیرین بۆ هەموو عێراقییەكان".
لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سوپاسی پشتیوانییەكیانی حكوومەتی بەریتانیای كردووە كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش پێشكەش بە عێراقیان كردووە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتشی كردووەتەوە كە سەركەوتنی عێراقییەكان و ئەو شكستە گەورەیەی كە بەسەر داعشدا هاتووە، تواناکانی داعشی لە بەچەكداركردنی تیرۆریستان كەمكردووەتەوە كە ئەوەش بە قوربانیدانی عێراقییەكان و هاوكاریكردنی رۆڵەكانی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان بەدی هاتووە.
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەش دا كە حكوومەتی عێراق پێداگیری دەكات لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی دیكە، هەروەها پشتیوانیكردنی توانای هێزە عێراقییەكان.