عەممان
رێوڕەسمێک بە ھۆی کۆچی دوایی وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران، تاریق عەزیز لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو.
تاریق عەزیز لە ٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە گرتووخانە بەھۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.
تەرمی تاریق عەزیز ھێنرایەوە وڵاتی ئوردن و لە کلێسای کاسۆلیکی ناسریە لە شاری عەممان رێوڕەسمێکی بۆ ئەنجام درا.
سەدان ھاووڵاتی عێراقی و ئوردنی بە مەبەستی نزاکردن بۆ تاریق عەزیز لە کلێساکە کۆبوونەوە.
لە لایەکی دیکە گرووپێک کە خۆیان بە " پارتی بەعسی سۆسیالیستی لاوانی عەرەب" ناساند بەشداریان لە رێوڕەسمەکە کرد و دروشمی شەھیدیان بۆ تاریق عەزیز بەرزکردەوە. ھاوکات بەشداربووانیش وێنەی سەرۆکی لابراوی عێراق سەدام حوسێن و تاریق عەزیزیان بەرزکردەوە.
تەرمی تاریق عەزیز رۆژی شەممە بە مەبەستی بەخاکسپاردن، دوای رەزامەندی حکوومەتی عێراق گەیەنرایە ئوردن.