تاران
سەركۆماری ئێران حەسەن روحانی بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ لەسەر سەركەوتنی لە ھەڵبژاردنەكاندا كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ساز كرد و لەو كۆنگرەیەدا نزیكەی ٢٥٠ دەزگای راگەیاندنی نێوخۆیی و دەرەكی ئامادەبوون.
روحانی لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا گوتی: "نە لە پێناو رێككەوتنێكی دیكە و نە لە پێناو چاودێری نێودەوڵەتی بە ھیچ شێوەیەك مۆڵەت بەكەس نادەین لێكۆڵینەوە لەسەر نھێنییەكانی سەربازی ئێران بكات".
روحانی لە بارەی دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج كۆ یەك گوتی: "زۆر سوپاسی خەڵكی ئێران دەكەم كە پشتگیری لە شاندی دانوستانكاری ئێرانی لە بەرامبەر شەش وڵاتی زلھێزی جیھانی كردووە، تا پێش دووساڵ ھیچ یەك لەو وڵاتانەی ئامادە نەبوون دان بە مافی پیتاندنی یورانیۆم لە لایەن ئێرانەوە بنێن و ئەمڕۆ كە ئێران خاوەن ئەو مافەیە و دەرگاكانی ھەردوو وێستگەی نەتەنز و فۆردۆ كراوە دەبن و ئەمە گەروەترین سەرۆكەوتنی ئێمەیە".
روحانی گوتی: "ھەموو ھەوڵی ئێمە بۆ واژۆكردنی رێككەوتنێكی شەرەفمەندانەیە كە بەرگری لە مافەكانی خەڵكی ئێران بكات. من ئەمڕۆ پێم وایە ئەو چوارچێوە گشتییەی كە ئێران بەرگری لێدەكات لە لایەن وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج كۆ یەكیشەوە پەسەند كراوە بەڵام لەو ئاستەی كە ئەمڕۆ تێیادان ژمارەیەك زۆر خاڵی ناكۆك ھەیە كە بیروڕامان لەسەریان جیاوازە، بۆیە پێویستە ئەمانەیش بگەنە چارەسەر، ئێمە لە بواری دانوستانەكاندا بێ نەھایەت سەمیمین و نامانەوێت كات بە فرۆ بدەین، پەلەیش ناكەین بەڵام بۆ گەیشتن بە رێككەوتن سوود لە ھەر جۆرە دەرفەتێك وەردەگرین. شتی ھەر گرنگ بۆ ئێمە داواكارییەكانی خەڵكی ئێرانە و ئەگەر بێت و لایەنی بەرامبەر رێز لە ماف و بەرەژوەندییەكانی خەڵكی ئێران بگرێت و خۆی لە داواكاریی ناگونجاو بەدوور بگرێت ئەوا ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن زۆر بەھێزتر دەبێت".
روحانی لە بارەی چاودێری و پشكنینی وێستگەكانی سەربازی ئێرانیشەوە گوتی: "ماوەیەكە لەو بارەوە كەناڵەكانی راگەیاندن ھەواڵ و زانیاری بێ بنەما بڵاو دەكەنەوە بەڵام شتێكی روون و ئاشكرا ھەیە ئەوەیش ئەوەیە كە ئێران نە لە پێناو رێككەوتنێكی دیكە و نە لە پێناو رێككەوتنێكی نێو دەوڵەتی دیكە نەتەنیا نھێنییەكانی سەربازی بەڵكۆ ھیچ جۆرە نھێنییەكی خۆی ناخاتە ژێر كۆنترۆڵ و چاودێرییەوە".
لە بارەی گەمارۆكانیشەوە روحانی گوتی: "ھەر چەند ئەو گەمارۆیانەی كە بەسەر ئێراندا سەپێنراون بەئەنجام نەگەیشتبن بەڵام كاریگەرییان ھەبووە، ئەم حكوومەتە لە كاتێكدا دەستی بەكار كرد كە گەمارۆ بەسەر ئێراندا سەپێنرابوو، سەرەڕای ئەو گەمارۆیانە توانیویەتی ھەموو بەرنامە و پڕۆژەكانی خۆی جێبەجێ بكات، خاڵێك ھەیە كە پێویستە دانی پێدا بنین ئەوەیش ئەوەیە كە گەمارۆكان ھیچ كات سەركەوتوو نەبوون و نەگەیشتنە ئەنجام بەڵام كاریگەرییان ھەبووە و پێویستە رەچاوی جیاوازی نێوان بە ئەنجام نەگەیشتن و كاریگەر بوون بكەین، ئەوان دەیانویست لە رێگای گەمارۆكانەوە خەڵكی ئێران بەدیل بگرن بەڵام سەركەوتوو نەبوون بەڵام ھاوكات گەمارۆكان بۆ كۆمەڵگەی ئێمە بوونە سەرچاوەی چەندین كێشەی جیاجیا و ھاوكات پێویستە ئەوەیش بزانین كە سەرچاوەی بەشی ھەرە زۆری كێشەكانی دوێنێ و ئەمڕۆی ئێران ئەو گەمارۆیانە نین بەڵكو بەڕێوەبردنی ھەڵەیە و ئەوەیش كە بڵێن گەمارۆكان ھیچ جۆرە كاریگەرییەكیان نەبووە راست نییە".
روحانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "سەرەڕای ئەو گەمارۆیانە دەتوانین بەردەوام بین بەڵام كاتێك باس لە گەشەپێدان و كێبڕكێ كردن لەگەڵ جیھاندا بكرێت ئەوا ھیچ وڵاتێك ناتوانێت لە پشت دەرگاكانی داخراودا ئەم شتانە بكات و ناتوانێت بگاتە ئابوورییەكی بەھێز و بەتوانا".
روحانی لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاواییدا ھێشتا لە بارەی چۆنێتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەدا جیاوازی ھەیە و ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئەو ھەنگاوانەی كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا جێبەجێ دەكرێن، گەمارۆكانیش ھەڵبوەشێنرێنەوە، لەو بارەوە ھێشتا بیروڕامان جیاوازە و ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە لایەنەكان بە شێوەیەكی ھاوكات ھەنگاوەكانیان جێبەجێ بكەن. بێجگە لەم پرسە چەند پرسێكی دیكە ھەن كە بوونەتە ھۆكاری درێژتر كردنەوەی ماوەی دانوستانەكان. لایەنی بەرامبەر ھەمیشە بابەتێك كە پێشتر لەسەری رێككەوتن كراوە لە خولی داھاتووی دانوستانەكاندا دووبارە دەخاتەوە سەر مێز و گفتوگۆی لەسەر دەكات و ئەمەیش بووەتە ھۆی دواكەوتن لە پڕۆسەی دانوستانەكاندا و ئەگەر بێت و لایەنی بەرامبەر پابەندی ئەو بابەتانە بێت كە لەسەریان رێككەوتوون و پرسی نوێ نەخەنە رۆژەڤەوە ئەوا ئەگەری گەیشتن بە چارەسەری لە ئارادایە بەڵام لایەنی بەرامبەر ھەمیشە ئەو پرسانەی كە لەسەریان رێككەوتن كراوە دووبارە دەخاتەوە سەرمێز و دەیەوێت لەسەریان گفتوگۆ بكاتەوە، بۆیە بەمجۆرە كات بەفرۆ دەچێت و گەیشتن بە رێككەوتنیش پێویستی بە كات ھەیە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا ئەگەر ھاتوو رێككەوتن واژۆ كرا، ناترسن كە لە ئێران یا لە ئەمریكا چەند لایەنێك ھەوڵ بۆ رێگریكردن لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بكەن؟ روحانی گوتی: "من نیگەران نیم و ھەمیشە خۆشحاڵ و گەش بین بوومە".
روحانی گوتی: "دەبێت ئامادەی ھەر جۆرە ئەگەرێك بین، زانای زانستی غەیب نیمە بۆیە ئاگامان لەو شتانە نییە كە لە داھاتوودا روو دەدەن و ھێزی موتڵەقیش نین كە بتوانین كێشەكانی جیھان چارەسەر بكەین بەڵام زۆر گەشبین و خۆشحاڵم. چونكە پێشتر لە جنێڤ رێككەوتنێكی كاتیمان واژۆ كردووە و لە بواری جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەدا سەركەوتوو بووین ئەو كاتەیش لە ئێران و لە ئەمریكایش چەند كەس و لایەنێك ھەوڵی تێكدانی رێككەوتننامەكەیاندا بەڵام سەركەوتوو نەبوون، ئەگەر بێت و لایەنەكان بتوانن بگەنە رێككەوتنێكی كۆتایی و دوای پەسەند كردن مۆر كردنی ئەو رێككەوتننامەیە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە ئەوا ھەموو لایەنەكان پێویستە پابەندی ئەو رێككەوتنە بن و من پێم وایە ئەوانەی لە دژی واژۆ كردنی ئەو رێككەوتنەن دوای بینینی ئەنجامەباشەكانی رێككەوتنەكە ئەوا بیروڕای خۆیان دەگۆڕن".
روحانی گوتی: "ئەگەر بێت و رێككەوتنەكە واژۆ بكرێت ئەوا بۆ جێبەجێكردنی پێویستی بە چەند مانگێك ھەیە".
روحانی لە بەردەوامی قسەكانیدا ئەوەی رەت كردەوە كە ھێزی سەربازی ئێران لە سووریا و عێراقدا ھەبێت و گوتی: "ھیچ ھێزێكی سەربازی ئێران نە لە سووریا ھەیە نە لە عێراق و ھەموو چالاكییەكانی ئێران لەو وڵاتانەدا تەنیا لە چوارچێوەی راوێژكاریدان".
روحانی گوتی: "وشەی ئەمریكا بۆ شەڕی دژە تیرۆر لە عێراق وشەیەكی مایەپووچە، بۆ شەڕی دژی تیرۆر ھاوپەیمانیەتییان ئەنجامداوە، ھێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر تیرۆریستان، ئەمانە ھەموویان ھیچ نین بێجگە لە كۆمەڵێك دەنگۆی مایەپووچ، ئەوەی لە عێراق رێگری لە پێشڕەوی تیرۆریستان كردووە خەڵكی عێراق و ھێزەكانی عێراقن و ئێرانیش بەپێی پێویست ھاوكاری كردووە بەڵام ھیچ ئاسەوارێك نییە كە نیشان بدات ھاوپەیمانی ئەمریكا لەو بارەوە ھەنگاوێكی نابێت. لە نێوان راستییەكان و ئیعدیعاكانی ئەواندا جیاوازییەكی یەكجار زۆر ھەیە".
روحانی لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "پێویستە عێراق، سووریا و یەمەن لەسەر پێ خۆیان رابوەستن و پێویستە پشتگیری لە سەروەری خاكی ئەو وڵاتانە بكرێت و ھاتنە كایەوەی ھەر جۆرە دابەش كردن و جیاكردنەوەیەك دەبێتە ھۆی بەردەوام كردنی شەڕ و شەڕی نێوخۆیی".
news_share_descriptionsubscription_contact



