رۆژی یەکشەممە ٢٤ی ئایاری ٢٠١٥، چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشینی سەر سنووری ئێران پێکیان دا و لە ئاکامیشدا پێشمەرگەیەکی حدکا گیانی لە دەست دا و چەند کەسێکیش بریندار بوون. ئەمڕۆ تەرمی ئەم پێشمەرگەیە گەیەنراوە کەمپی سەربازی جێژنیکان-ی سەر بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ھەولێر و لەوێ بە خاک سپێردرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەو شەڕە دوای ئەوە رووی داوە کە ھێزی حدکا ماوەی چەند رۆژێکە لە ناوچەی کێلەشین گەمارۆ درا بوون و پاشان بە ێ ئاگاداری تەقە لەو ھێزە کراوە و پێکدادان لە نێوان ھەر دوو لا دروست بووە.
قادر کەریمی ئەو پێشمەرگەیەیە کە لەو پێکدادانەدا بە دەستی چەکدارانی پەکەکە گیانی لەدەست داوە. ناوبرا خەڵکی شاری نەغەدە و ٣٧ ساڵ تەمەنی بووە و خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە و لە ساڵی ٢٠٠٢ وە دوای ئەوەی بەھۆی ئەندامێتی لەو حزبە لە ئێران قاچاخ دەبێ، روو لە بارەگای حدکا دەکات و دەبێتە پێشمەرگەی ئەو حزبە.
ئەمیر قادر لەبارەی کوژرانی باوکی بەدەست هێزێکی کوردەوە دەڵێت: "بە ھەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو کارە قێزەوەنە دەکەم و ئیتر سەردەمی براکوژی بەسەر چووە و ئەوەی لە ھەموو زیاتر ئازارم دەدات بە دەستی کورد باوکم شەھید بووە. من شانازی بە شەھید بوونی باوکم دەکەم لە رێگای کورد و کوردستاندا".
ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران میرۆ عەلیار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "حزبی دیموکراتی کوردستان خەباتی چەندین ساڵەی ھەیە، تا ئێستا سەدان شەھیدمان ھەبووە بەڵام ئەوان لە بەرانبەر ئازادی وڵاتی خۆیان شەھید بوون. ئەوەی زیاتر شەھیدبوونیی قادر ئازارمان دەدات ئەوەیە کە بە دەستی ھێزێکی کوردی کوژراوە و ئێمە بەتوندی ئیدانەی براکوژی دەکەین".
لەبارەی ئەو ناوچەیە کە لە ساڵی ١٩٨١ لە دەست حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە گوتی: "ئێمە لەو استدلالە تێنەگەیشتوین کە ئێمە لە پێشتر ئەو ناوچەیەمان چۆڵ کردووە دەبێ ئێستا لە دەستمان نەبێ یان مافی ئێمە نەبێ و ئەو استدلالە بۆ ھیچ پێشمەرگەیەکی حدکا و کوردێک قەبووڵ نییە".
ھەروەھا ئەو بەرپرسە، دامەزراندنی حدکا ھەر لە سەرتاوە بە کارێکی پێویستی دانرا و گوتی: "خەباتێکی درێژیان ھەبووە و دەبێت و ئێمە لە ھەموو شێوازی خەبات کەڵکوەردەگرین و ئەگەر بەپێویست بزانین رۆژێک لە رۆژەکان بۆ ئازادی وڵات شەڕی چەکداری دەست پێ دەکەین".
دکتۆر میرۆ لەبارەی شەڕی کورد لەگەڵ کورد دەڵێت: "لە مێژووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران روونە کە ھەمیشە دەچێ شەڕی براکوژی بووە و ھەمیشە درووشمی یەکێتی و یەکگرتنەوەیان ھەڵداوە و ئێمە دژی براکوژین".