لەدوای سەردانی بۆ پەرلەمانی ئێران، جاک سترۆ لەگەڵ عەباس عەلی مەنسوریی سەرۆکی گروپی دۆستایەتیی ئێران - بەریتانیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
سترۆ گوتی: "لە راستیدا ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین باس لە پرۆگرامی ناوکی ئێرانی بکەین یا بە ناوی حکومەتی بەریتانیاوە، بەڵکو من و هاوسەفەرەکانم ئێران وەکو دۆستێک دەبینین. هاتووین سەردانی پەرلەمانەکەیان بکەین تاکو پەیوەندیی نێوان پەرلەمانەکانمان بەهێزتر بکەین و پەیوەندیی خەڵکی رۆژئاواو بەریتانیا لەگەڵ ئێران دا قوڵتر بکەینەوە."
سترۆ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی چەک لە لایەن حکومەتی بەریتانیا بە هاوکاری دەزگای ئیستخباراتی وڵاتەکەی MI6 بۆ سوریا گوتی: "نە حکومەتی بەریتانیا و نە پەرلەمان و نە MI6، بەدوای کارێکی لەو شێوەیەوە نین، هیچ کاتێ بەریتانیا سیاسەتێکی لەو شێوەیەی پەیڕەو نەکردووە بەرامبەر بە سوریا ، دەبێ لە کۆنفرانسی جنێف٢ دا ئێرانیش بەبێ هیچ مەرجێک بانگهێشت بکرێ تاکو پێکەوەهەوڵی کۆتایی هێنان بە تراژیدیای سوریا بهێنرێ."
سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا لەلایەن کۆنگرێس و هەڵوێستی بەریتانیا لەو بارەیەوە، سترۆ گوتی:" لە کاتی سەپاندنی سزای لەو شێوەیە، ئێران وەڵامێکی زۆر توندی دەبێ، واشنتۆن ئیمزای لەسەر ئەو ڕێککەوتتنامەیە کردووە کە لە جنێڤ ئەنجام درا، بەپیێ ئەو رێککەوتننامەیە نەخشە رێگەیەک دیاری کراوەو دەبێ هێواش هێواش سزاکانی سەر ئێران ئاسان بکرێن. لەکۆتایی ڕێککەوتنەکەشدا بە تەواوی سزاکان هەڵدەگیرێن. من وا هەستەدەکەم ئەمریکا سەرڕاستە بەرامبەر بەو ڕێکەوتنەی لەنێوان ٥+١ و ئێراندا هاتۆتە ئاراوە."
لەبارەی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە گوتبووی: بەردەوامی دەدرێ بە سزاکانی سەر ئێران تا ئەوکاتەی ئێران هەنگاوێک دەنێ و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان دەڕەوێنێتەوە. سترۆ گوتی کە ناتوانێ هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدا.
سترۆ رایگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان هەردوولا ئاسایی دەبنەوە ئەویش لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە نەک پەرلەمان.
عەباس عەلی مەنسوریی، سەرۆکی گروپی دۆستایەتیی ئێران - بەریتانیا سەبارەت بەو ڕەخنە توندانەی کە بەشە موحافیزکارەکەی ناو ئێران لێیانی دەگرن سەبارەت بە سەردانێکی چآوەڕوانکراوی بۆ بەریتانیاگوتی: "زایۆنییەکان پەرلەمانی گشت دنیا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کە لۆبی دژی ئێمە دروست بکەن، بۆیە دەبێ سەردانی هاوشێوە بکەین کاتێ سەردانمان دەکرێ. دەبێ سەردانی ئەو وڵاتە بکەینەوە تاکو ڕێگر بین لەو هەوڵانە و بگرە دەبێ کۆنگرێسی ئەمریکایش لە دژی هەوڵی زایۆنییەکان بخەینەگەڕ چونکە لەناو کۆنگرێسیشدا دۆستانێکمان هەن کە زۆر بە واقعبینانە لە ڕوداوەکان دەڕوانن."
وا بریارە شاندی بەریتانیا دوای بینینی وەزیری دەرەوەی ئێران وعەلادین بروجەردی سەرۆکی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران و چەند لایەنێکی دیکە، بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا.