هەولێر
پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ئەمینداری گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، جەبار یاوەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "لە ئێستا شەست وڵات لەدژی رێكخراوی داعش هاوپەیمانن، هەرێمی كوردستان راستەوخۆ ئەوشەڕە دەكات".
گوتیشی "لەسەرەتای دروستبوونی شەڕی داعشەوە و تا ئێستا 999 شەهیدمان داوە و ژمارەی بریندارەكانی هێزەكانی پێشمەرگەش گەیشتۆتە چوار هەزار و 596 بریندار بەشێكی زۆر لە بریندارەكان گەڕاونەتەوە بۆ نێو كەسوكاریان".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشكرد رێنمای پێویست دەركراوە، بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە "نابێ بە هیچ جۆرێك سووكایەتی و بێ رێزی بەرامبەر بە دیل یاخوود تەرمی چەكدارانی داعش بكرێت چونكە هێزی پێشمەرگە هێزێكە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان شەڕ دەكات و لایەنە نێودەوڵەتیەكانیش چاودێرمانن".
سەبارەت بە دامەزراندنی پاسەوانی نیشتمانی لەلایەن حكوومەتی ناوەندی عێراق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، گوتی "ئەو هەوڵەی حكوومەتی عێراق پارێزگاكان دەگرێتەوە، بێگومان هەرێمی كوردستان، ناوچەیەكی جیایە لە پارێزگا و ئێمە یاساو پرەنسیپی خۆمان هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا بۆیە دروستكردنی پاسەوانی نیشتمانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە".
سەبارەت دەركەوتی گرتەیەكی ڤیدیۆی و چەند وێنەیەك كە چەكدارانی داعش وەها بڵاویانكردۆتەوە كە ئەو چەكدارانە هێزی پێشمەرگەن.
جەبار یاوەر دەڵێ: "لە ئێستا لیژنەیەكمان دروستكردوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەین لەسەر ئەو پرسە بۆ ئەوەی ئاشكرا بێ ئایا ئەو چەكدارانە داعش وێنەكانی بڵاوكردوونەتەوە پێشمەرگەن یاخوود نا".
ئەمینداری گشتی گوتیشی "وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەهیچ جۆرێك بۆ دیل بەدیل مامەڵە لەگەڵ چەكدارانی داعشدا ناكات لە بەر ئەوەی ئەو رێكخراوە هێزێكی تیرۆریستیەو بڕوای بە مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەكان نیە".
یاوەر گوتیشی: "داعش هیچ متمانە پێكراو نیە هەندێ جار ترسیش هەبووە كە تەرمی پێشمەرگە بۆمبڕێژ بكەن".
سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری شنگال ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "سەدان كیلۆمەتر لە قەزای شنگال ئازاد كراوە ماوەتەوە چەند شوێنێكی تر بێگومان ئەوەش پەیوەندی بە پلانی سەربازی هەیە دەمانەوەی بەزیانێكی كەم ئەو بەشەی تری شنگال ئازاد بكەین، چونكە لە ئێستادا داعش هێزێكی زۆری كۆكردۆتەوە و رێگاو ناوچەكانی بۆمبڕێژ كردوە".
جەبار یاوەر رۆڵی هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانانی بەرز نرخاندو رایگەیاند "وڵاتانی هاوپەیمان هاوكارێكی باشی هێزی پێشمەرگە بوون بەڵام ئێمە بەردەوام پێویستمان بەو هاوكاریانەیە چونكە ئەم شەڕە بەردەوامەو درێژەش دەكێشێ".
سەبارەت بەهاوكاری هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "بەردەوام وتومانە هاوكاری سوپای عێراقین، پێشتریش لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی بەغدا قسەمان كردوە پێویستە لەسەرتادا ناوچەكانی سەلاحەدین پاكبكرێنەوە لە چەكدارانی داعش بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەكە ئاسانتر بێت".