ھەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە كۆمەڵێك خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی دیالە لە شاری ھەولێر دژی كۆمەڵكوژی مانگی رابردوو لەو پارێزگایە لە بەردەم كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر خۆپیشاندانێكیان سازكرد.
لە كۆتایی مانگی رابردوو لە گوندی بەروانەی سەر بە ناحییەی مقدادییە (شارەبان)ی پارێزگای دیالە كۆمەڵكوژییەك كرا بوو كە بە هۆیەوە ٧٠ كەس كۆژران و خەڵكی ئەو ناوچانە و ئەو كۆمەڵكوژییە دەخنە ئەستوی میلشیا شیعەكان.
لە خۆپیشاندانەكەدا زۆربەی دوورشمەكان لە دژی میلشیا شیعەكان نووسرابوون: "سوننەكانی سامەرا رزگار بكەنەوە لە دەست میلشیا شیعەكان ، میلشیاكان ماڵی ئێمەیان كاولكرد، تاوانی میلیشیاكان ھاوتەریبن لەگەڵ تاوانەكانی داعش و سوننەكانی دیالە رزگار بكەنەوە..."
دكتۆر محەممەد تەها هەمدون گوتەبێژی بزوتنەوەی گەل لە بارەی ئەو كۆمەڵكوژییە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دژی ھەموو جۆرە تیرۆرێكین و ئەو تیرۆرە بە ھەموو ئامرازێك لە بەرانبەر ئێمە كرا، ئەوە شەڕە لە دژی خەڵكی سێڤیل ئەنجامدەدرێت ، سوننەكان لەو شەڕە بێتاوانن ئیتر بەسە ئەو ھەموو كومەڵكوژییە".
ھەروەھا گوتی: "لە دیالە زیاتر لە ٤٠ مزگەوت سووتێنراوە و زیاتر لە ٧٠ كەسیش كۆمەڵكوژیكراوە ئەگەر ئەو كارانە یەكلایی نەكرێنەوە ئەوا كاردانەوەی خراپی لێ دەكەوێتەوە لەوانەیە بەرانبەر ئەو تیرۆرە تیرۆرێكی دیكە بكرێ ئێمە بە ھەموو شێوەیەك داوا لە لایەنی سیاسی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەین كە لێپرسینەوە لەو كارە بكرێت".
ھەروەھا ئاشكراشیكرد كە "ئەو شەڕانە داڵەدانی داعش ئاسانتر دەكات تا زیانی گەورەتر بە ئێمە بگەیەنێ ئیتر بەسە با ھەموو كەسێك ھەڵویستی خۆی دیاری بكات".