Muhammet Ali Kemal
26 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
بەڕێوەبەری ئێف بی ئای جەیمز کۆمی لە گوتەیەکدا لە بەردەم لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە ''جەنگی وشەی نهێنی'' لە نێوان ئێف بی ئای و ئەپڵدا قورسترین کێشە بووە کە لەماوەی کارکردنیدا، رووبەڕووی بووەتەوە.
کۆمی باسی لەوەکردووە سکاڵاکەی ئەپڵ هەمەلایەنە بووە و ئەوان جگە لە چارەسەرکردنی کێشەکە هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە بەڵام بەهۆی هەستاریی بابەتەکەوە، لە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ''نهێنی بوونی بابەتە کەسییەکان'' تێدەگەن.
بەڕێوەبەری ئێف بی ئای جەختی لەوە کردووەتەوە ئەپڵ لە سکاڵاکەدا هاوکاریان بووە و لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکدان و باسی لە گرنگیی بڕیاری دادگا سەبارەت بە شکاندنی وشەی نهێنی لەلایەن ئەپڵەوە کردووە.
کۆمی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا رایگەیاندووە: ''لە ئێستادا مەحاڵە بزانین ئەم بڕیارە بە چ شێوەیەک لەلایەن دادگاکانی دیکەوە لێک دەدرێتەوە بەڵام بڕیارەکە تایبەتە بە هێرشەبەرەکەی سان بێرناردینۆ''.
جەیمز کۆمی باسی لەوەکردووە ئەوەی ئەوان لە ئەپڵیان داوا کردووە پرۆگرامێکە تەنها بۆ یەک مۆبایل دەبێت و بۆ هیچ تەلەفۆنێکی دیکە نابێت. هەروەها ئەوەشی گوتووە کە ئەوان لە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ''نهێنی بوونی بابەتە کەسییەکان'' تێدەگەن و ''ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێمە چۆن وڵاتێکین و بە چ شێوازێک خۆمان بەڕێوە دەبەین''.
بەڕێوەبەری ئێف بی ئای سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنێت و ''ئەوان کاتێک بۆ یەک جار دەستیان بەکەسێک دەگات ئیتر دەست بە بەکارهێنانی ئەو بەرنامانە دەکەن کە وشەی نهێنییان هەیە و دوای ئەوەش ئێمە ناتوانین ئەوە بخوێنینەوە کە دەینووسن''.
ئێف بی ئای داوای شکاندنی وشەی نهێنی مۆبایلی سەید رزوان فاروقی لە کۆمپانیای ئەپڵ کردبوو کە یەکێک بوو لەو تیرۆریستانەی هێرشەکەی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ی شاری بێرناردینۆی ویلایەتی کالیفۆرنیادا بەشداری کردبوو کە تێیدا ١٤ کەس گیانیان لەدەست دابوو بەڵام کۆمپانیاکە رەتی کردبۆوە.