حەلەب
هەلیكۆپتەرێكی سوپای بەشار ئەسەد باخچەیەكی منداڵانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی لە شاری حەلەب بە بەرمیلی بارووت بۆردومان كرد و بە هۆیەوە 10 كەس كوژران و 18ی دیكەیش بریندار بوون كە زۆربەیان منداڵ.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسانی نەخۆشخانەیەكی مەیدانی شاری حەلەب دەست ئانادۆڵو كەوتووە، هەلیكۆپتەرێكی رژێمی بەشار ئەسەد باخچەیەكی منداڵانی لە ناوچەی سەڵاحەدین بە بەرمیلێكی بارووت بۆردمان كردووە و بە هۆیەوە شەش منداڵ و چوار مامۆستا كوژران و 18 كەسی دیكەیش بریندار بوون كە برینی هەشت لەو بریندارانە زۆر سەختە و نەخۆشخانەكەیش پێویستی بە هاوكاری بەپەلەی پزشكی هەیە.
چالاكوانێكی ناوچەكە بەناوی مەروان سەلیم گوتی: "ئەو باخچەیەی كە بۆردومان كراوە بە تەواوی داڕوخاوە و هێشتا چەند كەسێك لە ژێر باخچە خاپووركراوەكەدا ماون و تیمەكانی بەرگری شارستانی خەریكی دەرهێنانی قوربانییەكانن".
بەپێی تۆماری كۆمیتەی شەهیدانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011وە تا ئەمڕۆ بە هۆی هێرشەكانی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد لە حەلەب بەلانیكەم 25 هەزار كەس كوژراون.