سەمیر ئەبو لەتیف کە یەکێکە لە دانیشتوانی حەلەب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە شەڕکردنی لەگەڵ ھێزەکانی سوپای ئازادی سوریا، زیان بەخۆی دەگەیەنێ و تووشی بێ ھیواییەکی زۆر دەبێ."
ئەبو لەتیف بە پێویستی زانی داعش ھاوشانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دژ بە سوپای سوریا بجەنگن و گوتی "لەکاتێکدا باری گوزەرانی خەڵکی سوریا قوربەسەری و نەھامەتیی لێ دەچۆڕێ ھێزەکانی داعش ھاتوون دەستیان بە پێکدادان لەگەڵ ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کردووە ، پشێوییەکی زۆریان لە ناوچەکانی رەقا، ئیدلیب، حەلەب دروست کردووە، بەڕاستی ئەوە جێی قبوڵکردن نییە."
بەدریە ئوم قاسم یەکێکی دییە لە دانیشتوانی حەلەب لەو بارەیەوە گوتی " بەڕاستی خەڵک زۆر ھیلاک و شەکەتن، یەھیچ شێوەیەک کاتی ئەو شەڕو پێکدادانە نییە. چاوەڕێمان دەکرد تەواوی ھێزەکان یەکبگرن و لەپێناوی رزگارکردنی وڵات بەرامبەر ئەسەد بجەنگن، نەوەک گوێمان لە تەقەی شەڕێکی بێ مانا بێ."
ھەروەھا قاسم گوتی "لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان پێکدادان بۆتە بەرنامە، ماوەیەکی زۆرە بێ ئاوین، لە خزمەتگوزارییەکان بێبەشین، زیاتر لە مانگێکە خۆمان نەشۆردووە، ئاو بۆ خواردنەوە نییە چ جای بۆ خۆشتن. زۆربەی گەڕەک و ناوچەکانی حەلەب بێ کارەبان، پێویستە ئۆپۆزسیۆن چارەیەک بۆ ئەو بارە ناھەموارە بدۆزێتەوە، داوادەکەین ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر."
زۆربەی ئەو خەڵکەی رای خۆیان دەربڕی کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هەرچی زووە یەک بگرن و دەستبەکاربن بۆ رێکخستنەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک، گەلی سوریا بەدەست قەیرانی شەڕەوە دەناڵێنن و بێزارن، داوا دەکەن ئاوێک بەو ئاگرەدا بکرێ و بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی.