hemn husain
05 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2016
ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی میحوەری خازر ئاماژە بەوە دەکات کە میحوەرەکەیان شوێنێکی گرنگ و هەستیارە ئەویش بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە مەخموور و هەولێر و مووسڵ بەیەکەوە، دەبەستێتەوە.
بەرپرسی میحوەری خازر عارف تەیفوور لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سنووری میحوەری خازر شوێنێکی زۆر هەستیارە چونکە نزیکە لە هەولێر و کەڵەک و هەتا مەخموور، کۆمەڵێک پێکهاتەی لێ یە وەکو کورد و تورکمان و کاکەیی و شەبەک، ئێمە زۆر بەجددی هەوڵمان داوە کە پارێزگاریی لەو سنوورە بکەین چونکە لە چوارچێوەی ناوچەدابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە".
بەرپرسی میحوەری خازر پێی وایە توانای داعش زۆر لاواز بووە بە بەراورد بە پێشووتر و ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر گرووپەکانیان 30 ئەوەندەی ئێستا دەبوون بەڵام ئێستا گرووپەکانیان لاواز بووە و لەمبارەیەوە گوتی: "داعش لە شەڕەکانی پێشوو بەهێزێکی زۆرەوە دەهات و هێرشی بەرفراوانیان دەکرد و گرووپەکانییان نزیکەی 300 کەس دەبوون بەڵام ئێستا گرووپەکانیان 25 تا 30 کەس دەبن و هێرشی سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان پێ دەکات و ئیعتیمادی لەسەر ئۆتۆمبێلە خۆکوژییەکانە و ئێستا ئەو توانایەی نەماوە و زۆریش لاواز بووە".
ئەو بەرپرسەی میحوەری خازر ئاماژە بە هەندێک تاکتیکی گرووپەکانی داعش دەکات بۆ دەربازبوون لە خەندەقەکانی سنووری پێشمەرگە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "گرووپەکانی داعش هەندێک تاکتیکیان هەیە بۆ نموونە ئێمە خەندەقمان لێداوە کە نزیکەی 3 مەتر فراوانە، گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش ئۆتۆمبێلێکیان درووست کردووە کە دەتوانێت پردێک دروست بکات و بپەڕێتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەش خۆکوژین".
عارف تەیموور ئەوەش ئاشکرا دەکات کە تیرۆریستانی داعش لە حاڵەتێکی شڵەژانن و چاوەڕێی هێرشەکانی پێشمەرگە دەکەن بۆ پارێزگای مووسڵ، بەڵام ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگە چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن و لەمبارەیەوە گوتی: "بەدڵنیاییەوە داعش لە مووسڵ لە حاڵەتێکی شڵەژاندایە و چاوەڕێی ئەوەن کە چۆن هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە دەست پێ دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنەوە مووسڵ و ئێمەش وەکو هێزی پێشمەرگە ئامادەین بۆ هێرشکردنە سەر مووسڵ بەڵام چاوەڕێی سەرۆک دەکەین تاوەکو بزانین چ بڕیارێک دەدات، لەبەر ئەوەی دەبێت بزانین ئێمە لەسەر چ بنەمایەک بەشداری کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بکەین".
ئەگەرچی هێزەکانی پێشمەرگە و لەهەندێک شوێن نزیکەی 700 مەتر لە تیرۆریستانی داعش دوورن بەڵام میحوەری خازر نزیکەی 28 کیلۆمەتر لە پارێزگای مووسڵەوە دوورە و ئەو بەرپرسەی میحوەری خازریش ئاماژە بەو دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێستا ئێمە لێرەوە نزیکەی 28 کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورین، بەو دواییەش هەندێک پێشڕەوییمان کردووە و سنووریکی زۆرمان هەیە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە".
جێی ئاماژەیە میحوەری خازر نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە و ماوەیەکی زۆر گرووپەکانی تیرۆریستی داعش نزیکی ئەو ناوچەیە بوون و ئەمەش مەترسی خستبووە سەر هەولێر بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنی خازر لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەوە هیچ مەترسییەک لەسەر هەولێر و دەوروبەری ئەو شارە نەما.