hemn husain
05 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2016
بەبۆنەی 11 ساڵەی دامەزراندنی، پارتی گەشەپێدانی تورکمان رێوڕەسمێکی رێکخست کە تێیدا سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و جێگری بەپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداربوون و لەو رێوڕەسمەشدا بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئامادەی بوون و لە پاڵ پیرۆزباییکردنیش تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان رەهەندێکی دیکەی رێوڕەسمەکەبوو.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان ئاماژەی بەوە کرد کە لەو رۆژەدا هەموو لایەنەسیاسییەکان بارودۆخی هەرێمی کوردستانیشیان تاوتوێی کردووە.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان محەمەد سەعدەدین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو پارتی گەشەپێدانی تورکمان و یادی 11 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەمان دەکەینەوە کە بەشیکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكوومەی تێیدا بەشدار بوون و ئەوەش بووە هاندەرێک کە لایەنەکان لە یەکتر نزیک ببنەوە و باسی هەندێک بابەتی گرنگ کرا وەکو پرسی ریفراندۆم کە هەموو لایەنێک لەسەر ئەو بابەتە کۆک بوون بۆ ئەوەی داوای بکەین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین هەموو پرسە سیاسییەکان تاوتوێ بکەین و ئەنجامی باشیان هەبێت".
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە دانیشتنەکەیاندا لەگەڵ شاندی لایەنە سیاسییەکان باسی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کێشەکان کراوە و لەمبارەیەوە گوتی: "توانیمان لەو دانیشتنەدا باسی رێگاچارەکانی چارەسەری کێشە ناوخۆیییەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو درووست بکەین و هەوڵبدەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە هەمانکاتدا بەرەیەک پێکبێنن بۆ ئەوەی لە بەغدا قورسایی خۆمان هەبێت".
پارتی گەشەپێدانی تورکمان لە 5/6/2005 دامەزراوە و نوێنەرایەتی بەشێک لە پێکهاتەی تورکمان دەکات لە هەرێمی کوردستان و ئەمرۆش یادی 11 ساڵەی دامەزراندی ئەو پارتە کرایەوە.