وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک والتێر داوای بەشداریکردنی ئێران لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ کرد.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید،گوتی: "پێویستە ھەوڵ بدەین تا وڵاتانی دراو سێی سوریا بە ئێرانیشەوە، بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بکەن، ھەروەھا دەبێ کەسایەتییە گرنگە کانی ئۆپۆزسیۆن بەشداربن لە کۆنفرانسەکەدا. لێرەوە دەمەوێ دووبارە بانگەواز بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بکەم. بەپێی شارەزایی و تاقیکردنەوەکانم پێموایە خۆ دورگرتنی ھەندێ گروپ لە کۆبونەوەکە، ھاوکار نابێ بۆ ئاسایشی وڵاتەکە، ھەندێک وڵات نیگەرانن لە بەشداری ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "چاوەڕوان دەکرێ، کۆنفرانسی جنێڤ٢ بۆ چارەسەری کێشەی سوریا لەم مانگەدا ساز بکرێ، ئومێدی ھەنگاوی ئەرێنی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەم لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە، لەبەر ئەوە بەشداریکردنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کاریگەریی گرنگی دەبێ، لێرەوە دەمەوێت بەو گروپانە رابگەیەنم ئەوانەی کە ھێشتا خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە، دووبارە بیر لە بڕیارەکانیان بکەنەوە بانگھێشتیان بۆ کۆنگرەکە دەکەمەوە."
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، وەزیری دەرەوەی سوید بانگەوازی بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە رۆڵی ئەکتیڤ بگێڕن لە بارەی چارەسەری پرسی سوریا و گوتی: "ھەموو لایەکمان نیگەرانین لە رێگریکردن لە ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ سوریا و خەڵکی لێقەوماو، بۆیە لێرەوە دەمەوێ بانگەواز بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان بکەم رۆڵی ئەکتیڤ لە و بوارەدا ببینن."