بەغدا
لە بەغدای پایتەختی عێراق دەیان هەزار كەس بەهۆی نەبوونی كارەبا و كەموكوڕی لە بوارەكانی دیكەی خزمەتگوزاریدا خۆپیشاندانیان لە دژی حكوومەت سازكرد.
خۆپیشاندەران كە لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی شاری بەغدا كۆبوونەوە و ئاڵای عێراقیان بەرز كردبووەوە داوایان كرد بەرپرسانی گەندەڵكار دەستلەكاربكێشنەوە.
خۆپیشاندەران درووشمەكانی '' دزەكان، بە ناوەی ئایینەوە ئێمەیان رووتكردەوە'' و ''هەموو هەینییەك ئەو دزانە ئاشكرا دەكەین''یان گووتەوە و داوایان كرد دەستبەجێ سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی دەست بە ئەنجامدانی ئەو چاكسازییانە بكات كە داوای دەكەن.
خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەكرد تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت هەموو هەینییەك لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندان دەكەن.
ئەفسەری خانەنشین ئەبو عەباس كە قسەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو كرد، گوتی: "ئەو كەسانەی كە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كردووە، نوێنەرایەتی هەموو رەنگەكانی عێراق دەكەن، پەیوەندییان بە هیچ حزبێك یان پێكهاتەیەكی سیاسییەوە نییە. بوودجەمان بەشی پێنج وڵات دەكات، بەڵام دڵ بۆ دۆخی ئەو خەڵكە دەسووتێت. زۆربەی سیاسەتمەداران لەجیاتی ئەوەی ژێرخانی وڵات ببوژێننەوە لە وڵاتانی دیكە موڵك دەكڕن و خەریكی كەیف و سەفان''.
یەكێكی دیكە لەو كەسانەی بەشداری لە خۆپیشاندانەكان كردووە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە داواكاری سەرەكییان ئەوەیە ئاسایش فەرهەم بكرێت و گوتی: "متمانەمان بە عەبادی كرد، هەموومان پشتیوانیمان كرد و دەنگمان پێدا. با ئەو كەسانە بكاتە دەرەوە كە خەریكی گەندەڵین، با لە حزبەكەی جیابێتەوە و ببێتە سەرۆكوەزیرانێكی سەربەخۆ''.
-''قۆناغی بەخەبەرهاتن و راپەرینە''
پەرلەمانتاری بزووتنەوەی دیموكراتی مەدەنی شروق عەبایەچی ئاماژەی بەوەكرد كە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكات و ئەندامێتی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەپەسێرێت.
عەبایەچی ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو كەسانەی خاوەنی وتەن چیتر دزەكان نین و پێویستە گەلی عێراق ئیتر بحەوێتەوە و گوتی: ''ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ئەو كەسانە راوبنرێن كە خوێنی گەلانی عێراق دەمژن و دەبێت لەسەر بنەماكانی دیموكراسی وڵات بنیات بنرێتەوە. ئەمە قۆناغی بەخەبەرهاتن و راپەڕینە، ئێمە دڵخۆش دەكات''.
ئەو رێگایانەی دەچوون بۆ گۆڕەپانی تەحریر كە دەیان هەزار كەسی لێ كۆببوویەوە، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی ئەمنی لێ جێگیركرابوو، ئەو كەسانەش كە دەیانویست بچنە گۆڕەپانەكە زۆر بە وردی دەپشكنران.
دابەزینی نرخی نەوت، بەرەنگاربوونەوەی داعش، خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی دارایی بوونەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە عێراق. لە هەریەك لە بەغدا، میسان، ناسریە، بابل، دیوانییە، بەسرە، كوت، كەربەلا، نەجەف، سلێمانی و كەركووك خەڵك رژایە سەر شەقامەكان و پرۆتستۆی نەبوونی كارەبا و كەمی خزمەتگوزارییەكانی دیكەیان كرد.