درەسدەن
لەو خۆپیشاندانە پڕۆتێستۆیەدا کە لە لایەن رێکخراوی درەسدەنێکی بێ نازییەوە رێکخرابوو، هاوسەرۆکانی پارتی سەوز جەم ئۆزدەمیر و سیمۆنە پەتەر و هەزارن کەسی دیکە بەشداربوون و دروشمی دژی نەتەوەپەرەستی و رێگری کردن لە هاتنی ئاوارەکانیان بۆ ئەڵمانیا گوتەوە.
خۆپیشاندەران لافیتەی جیاجیایان هەڵگرتبوو کە لەسەریان نووسرابوو "کەلتووری ئێمە رێز گرتن لە کەسانی دیکەیە، پێنج هەزار کەس خەڵک نییە، تەنیا وشەی رۆژئاوا نیشانەی دواکەوتوو بوونە، کێیە رۆژئاوا؟"
باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی شەش هەزار کەس ئامادەی ئەو خۆپیشاندانە بوونە و لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی شانۆ خۆپیشاندەرەکان بە گوتنەوەی گۆرانی و سەما کردن درێژەیان بە چالاکییەیان دا.
هاوسەرۆکی پارتی سەوزی ئەورووپا جەم ئۆزدەمیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بە مەبەستی نیشاندانی درەسدەنی راستەقینە و ئەڵمانیایی راستەقینە بەشداریمان لەم خۆپیشاندانەدا کرد، ئەگەر ئەمڕۆ ئەڵمانیا ئەوەندە بەهێزە ئەوە لە سایەی ئاوارەکانەوە ئەوەندە بەهێزە. لە سایەی یەکێتیی ئەورووپاوە ئەوەندە بەهێزە. ئەوانەی کە داوای نەتەوە و دەوڵەتی پێشوو دەکەن هەر ئەوانەن کە دەیانەوێر زیان بە ئەڵمانیا بگەیەنن".
ئۆزدەمیر بانگەوازێکی ئاڕاستەی پارتی یەکێتیی مەسیحییەکان کرد و گوتی: "لە شەڕی دژی نەتەوەپەرستیدا بەکارهێنانی زمانی نەتەوەپەرستی و سازش کردن لەگەڵ نەتەوەپەرستەکاندا بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی لاواز کردنی نەتەوەپەرستەکان، بە پێچەوانەوە نەتەوەپەرستەکان بەهێزتر دەکات، لە وڵاتانی جیاجیای ئەورووپا ئێمە ئەوەمان بینیوە بۆیە داواکارم لە پارتی یەکێتیی مەسیحییەکان زمانی نەتەوەپەرستەکان بەکار نەهێنن چونکە بەو جۆرە ئەوان بەهێزتر دەکەن".
ئۆزدەمیر گوتیشی: "هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا لە راپۆرتەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەڕەشەی نەتەوەپەرستی لە ئەڵمانیا زیاتر بووە، بۆیە پێویستە گۆڕەپانەکەیان بۆ چۆڵ نەکەین".
لە لایەکی دیکەوە لە خۆپیشاندانەکانی دژی ئیسلام کردن و بیانییەکان کە لە لایەن بزووتنەوەی گەنجانی نیشتمانپەروەری ئەورووپاوە رێکخرابوو 15 هەزار کەس بەشداربوون، ئەو خۆپیشاندانانە هەموو حەفتەیەک لە رۆژی یەکشەممە رێک دەخرێن و رێژەی بەشداربووانی ئەم حەفتەیە بە بەراورد لەگەڵ رێژەی بەشداربووانی حەفتەکانی رابردوو یەکجار زۆر بوو.
خۆپیشاندەرەکان بە بەرز کردنەوەی لافیتەی "ئێمە خەڵکین" و چەندین لافیتەی دیکەی دژی ئیسلام کردن و بیانییەکان درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی پۆلیسیش ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم حەفتەیە زیاتر لە 15 هەزار کەس بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوونە و حەفتەی رابردووش نزیکەی 10 هەزار کەس بەشدارییان کردبوو.