هەولێر
بەپێی زانیارییەكانی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ داعش بۆ كپكردنی ناڕەزاییەتییەكان و چاو شكاندنی رەخنەگرانی پەنا بۆ سووتاندنی خەڵك دەبات.
تۆڕی چاودێریی سەر بە روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای دەكات پاش راپێچكردنییان بە شێوەیەكی ناشرین چەكدارانی داعش لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵییان كردووە لە عێراق 23 كەسییان لەبەردەم دانیشتوانی شارەكانییان بە سووتاندن لەناوبردووە، ئەوەش یەكەمین راپۆرتی لەو جۆرەیە لە پاش سووتاندنی فڕۆكەوانی ئوردنی مەعاز كەساسبە لەسەر دەستی ئەو چەكدارانە لە سووریا كە كاردانەوەیەكی زۆر گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا تەنانەت ناكۆكیشی خستووەتە نێو خودی چەكدار و سەركردەكانی داعشیشەوە.
راپۆرتەكەی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە رۆژی سێشەممە بڵاوكراوەتەوە و ناونیشانی" سووتاندن، شێوازی نوێی داعش بۆ تۆقاندنی هاووڵاتییان"، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات داعش لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوو 23 كەسی لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین بە سووتاندن كوشتووە، ئەوەشی بە هەنگاوێكی نوێی تۆقاندن ناساندووە كە رێكخراوەكە دەیەوێ لە رێگەیەوە ترس و تۆقاندنێكی پتر لە دەروونی ركابەر و ئەو كەسانەی دژی دەوەستنەوە بچێنێت.
روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ ناسراو بە" رایتس" رێكخراوێكی عێراقییە کە بایەخ بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق دەدات لە درێژەی بەیاننامەكەیدا وردەكاریی ئەو قوربانییانەشی كە لەسەر دەستی چەكدارانی داعش سوتێنراون خستووەتە روو كە تێیدا هاتووە"پێنجی ئەم مانگە چەكدارانی داعش شەش گەنجییان لە گوندی مەسەڕەی نزیك شاری مووسڵ دەستگیركردووە و بە هۆكارگەلێكی نادیار هەموویانیان لە چاڵێكدا سووتاندووە و تەمەنی ئەو قوربانییانەش لەنێوان 20 بۆ 27 ساڵ دەبێت"، یەكێك لە دانیشتووانی ئەو گوندە كە شاهێدحاڵی سووتاندنەكە بووە بە رێكخراوەكەی راگەیاندووە پاش سووتاندنی ئەو گەنجانە چەكدارانی داعش پێیانگوتووە ئەوانە سەرپێچی شەریعەتی ئیسلامییان كردووە و ویستوویانە كێشە بخەنە بەردەم كاری دەوڵەتی خەلافەتەوە.".
هەروەها ئەحمەد سایغ كە ناوێكی خوازراوە و ئەندامی تۆڕی چاودێریی سەر بە روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤە رایگەیاندووە رەفتارە قێزەونەكانی چەكدارانی داعش بەتایبەت لە دوو مانگی رابردوو لە مووسڵ وایكردووە پەنا بۆ شێوازی تۆقێنەرتر ببەن لە رێگەی سەربڕین و سووتاندن بۆ ترساندنی خەڵك.
هەروەها لە راپۆرتەكەی رێكخراوەكە هاتووە حەوتی ئەم مانگە دانیشتوانی ناوچەی سكەكی نێوان سەنتەری قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای سینییە لە رۆژئاوای قەزاكە ژمارەیەك چەكداری داعشیان بینیوە بە دار لە حەوت كەسیان داوە لە نزیك وێستگەی دروستكردنی غازی قەزاكە و دواتر ئەو قوربانییانە بە عامودەكانی كارەباوە بەستراونەتەوە و پاشان رۆنییان بەسەرداگرتوون و ئاگریان تێبەرداون".
هەردوو حاڵەتەكە لە ناوچەی دیكەش دووبارە بوونەتەوە، لە نۆی ئەم مانگە چەكدارانی داعش 10 كەسیان لە گوندی دێرسم توسەی نزیك شاری مووسڵ پێش رزگاركردنی سوتاندووە كە گومان دەكرێت لە رفێنراوە ئێزدییەكان بن.
سەرۆكی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ مستەفا سەعدون لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی بۆ چنگ كەوتنی زانیارییەكانیان پشت بە سەرچاوەكانییان لە ژێر دەسەڵاتی داعش دەبەستن كە بە قسەی ئەو زۆر بە نهێنی كاردەكەن، ئەو كە دڵنیایی تەواوی لە زانیارییەكانی راپۆرتەكە دا گوتیشی" ژمارەكان رەنگە یەك بۆ دوو قوربانیی دیكەش زیاتربن، بەڵام ئەو ژمارانەی بڵاویان دەكەینەوە 100 لەسەد لێیان دڵنییاین و بێ یەكلایی بوونەوەی تەواو ژمارەكان بڵاو ناكەینەوە".
سەعدون گوتیشی "ئێمە 23 حاڵەتی سووتاندنی قوربانییانمان لەسەر دەستی داعش ئاشكراكردووە، كە دواییانیان ئەو 10 كەسە بوون كە گومان دەكرێت ئێزیدی بن، مەبەستی داعشیش لەو شێوازە بۆ فەتوای چەند پیاوێكی ئاینی توندڕەو دەگەڕێننەوە كە رێگە بە سووتاندنی ئەو كەسانە دەدات كە دژایەتی شەریعەتەكەی ئەوان بكەن".
رێكخراوی داعش سێی ئەم مانگە بە شێوەیەكی خێرا لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و پتر لەسەر پێگەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڤیدیۆ و وێنەی سووتاندنی فڕۆكەوانی ئوردنی "مەعاز كەساسبە"ی بڵاوكردەوە كە لە 24ی دیسەمبەرەوە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی لە سووریا لە لایەن داعشەوە دەستگیركرابوو، سووتاندنی كەساسبە كە یەكەمین كردەی تۆماركراو و بڵاوكراوەی كردەی سووتاندنی قوربانییەكی دەستی داعشە دەنگدانەوەیەكی زۆر خێرا و توڕەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
داعش بۆ كردەوەی سووتاندنی كەساسبە پشتی بە فەتوایەكی زانای ئیسلام ئیبن تەیمیە بەستبووە و پاساوی سووتاندنیشی ئەوەبوو کە بۆمبەكانی فڕۆكەكەی كەساسبە منداڵ و كچ و ژنی موسوڵمانانی كوشتووە.