کەرکووک
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند کە رێکخراوی تیرۆرستی داعش پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە و پێی وایە "داعش پلانی دابەشکردنی عێراق جێبەجێ دەکات، بۆ دیاریکردنی جوگرافیای شیعە، سوننە، کورد سەریھەڵداوە".
ساڵحی لە بینایەی پارتەکەی لە شاری کەرکووک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و ھەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژانە کرد.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق گوتی: "داعش پلانی دابەشبوونی عێراق جێبەجێ دەکات، بۆ دیاریکردنی جوگرافیای شیعە، سوننە، کورد سەریھەڵداوە. ھاوکات دەیانەوێت جوگرافیای تورکمانەکان و کەمەنەتەوەکانی دیکە رەشبکەنەوە، داعش بە دڵنیاییەوە پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە".
ساڵحی راشیگەیاند کە ھەر وەکو پێشتر داوای ئەوەیان کردبوو کە کەرکووک ببێتە "ناوچەیەکی فیدراڵی"، ئێستا ئەو داوایە لەگەڵ مەرجەکانی ئێستای کەرکووک ناگونجێت ھاوکات ساڵحی گوتیشی: "ئەوانەی کە داوای ناوچەی فیدراڵی بۆ کەرکووک دەکەن پێویستە بیربکەنەوە لەوەی گە لە ژێر کام مەرج ئەمە ئەنجام دەدرێت، لە دوای کۆتایھێنان بە جێبەجێ کردنی سیاسەتی بە تەعریب کردن لە کەرکووک و ئێستاش سیاسەتی بە کورد کردن، پێشنیارێکی بەم شێوەیە دەتوانرێت بۆ کەرکووک بخرێتەڕوو ئێمەش ئەو کاتە بۆچوونەکانی خۆمان دەردەخەین".
ساڵحی راشیگەیاند کە لە ناوچەی تەرتاری سەر بە ئەنبار ٤٨ پۆلیسی تورکمان کوژراوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە لە دوای ئەو رووداوە نیازی خراپ ھەیە بەم پێیەش دەبێت حکوومەتی عێراقی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات، ساڵحی گوتیشی: "چۆن ئۆتۆمبێڵێکی زریپۆش دەتوانێت بچێتە نێو فەرماندەیەکەوە؟ پێویستە ئەوە روونبکرێتەوە، ئەم رووداوە بۆنی خیانەتی لێدێت".
ساڵحی ئاماژەی بەوە دا کە پۆلیس و سەربازی تورکمان لە چوارچێوەی سوپای عێراقی لە ھەموو شوێنێکی ئەو وڵاتە بەرەنگاری دژی داعش دەبێتەوە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی بەشیر، توزەخورماتو، تەلەعفەر.