Mazın Asad
18 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2016
جنێڤ - AA
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستیڤان دیمیستورا رایگەیاند ھەم ئۆپۆزسیۆن و ھەم رژێمی سووریا لەبارەی تاوتوێ نەکردنی بابەتی یەکێتیی وڵات، یەکپارچەیی خاک و فیدرالیزم لە پرەنسیبدا رێککەوتوون.
دیمیستورا لە چوارچێوەی دانوستانەکانی جنێڤ لەبارەی سووریا لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆن کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە دیمیستورا لە روونکردنەوەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند کە لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆن بە تێروتەسەل تاوتوێی بابەتەکانیان کردووە و بە کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی وەسف کرد.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ئاماژەی بەوە دا کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندی رژێمی سووریا لەبارەی گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ داریا و ئازادکردنی زیندانییەکان درێژەی ھەیە و گوتیشی: "ژمارەی زیندانییەکانی دەست حکوومەت زۆرە. ھاوکات کەسانێکی زۆریش لەلایەن ئۆپۆزسیۆن رفێندراون بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەوبارەیەوە ھەیە".
-خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا
دیمیستورا روونیشی کردەوە کە سەرەڕای جیاوازی بۆچوونی ھەردوولا لە زۆرێک بابەتەکاندا بەڵام لەسەر ھەندێک بابەت رێککەوتوون و زیاتر گوتیشی: "رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەبارەی تاوتوێ نەکردنی بابەتی یەکێتیی وڵات، یەکپارچەیی خاک و فیدرالیزم لە پرەنسیبدا رێککەوتوون".
ناوبراو لە درێژەدا نەیشاردەوە کە شاندی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی راگوزەری سیاسی لە سووریا پێشنیارێکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و پێشنیارەکەی بە سەرنجڕاکێش وەسف کرد و راشیگەیاند بە وردی لێی دەکۆڵێتەوە.