Dilşad Seyfeddin Ahmet
18 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2016
سلێمانی
دیدارەكە چوارەم كۆڕبەندی دیداری سلێمانی بوو كە لە زانكۆی ئەمریكی ساز كرا و دوێنێ دەستی بەكارەكانی كرد و ئێوارەی ئەمڕۆ بە كۆتا هات، تێیدا چەندین پانێڵ و گوتەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و عێراق و كەسایەتییە جیهانییەكان پێشكەش كران لەوانەش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی قوباد تاڵەبانی، وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی، سكرتێری پێشووی كۆمكاری عەرەبی عەمر موسا و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و چەندین كەسی تر.
دیداری ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی (گۆڕانكاری و هەژان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. رووبەڕووبوونەوەی داعش و دواتر) بوو.
سەرپەرشتیاری گشتیی دیدارەكە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەبارەی دیدارەكە، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كەسانێكی زۆر لە رێكخستنی دیداری ئەمساڵی سلێمانی بەشدار بوون تاوەكو بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەڕێوە بچێت، دیدارێكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنە جیاوازەكان بە بۆچوونە جیاواز و ناكۆكەكانیانەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و دەرەوە كۆبكەینەوە، هاتنی ئەو میوانانەش لە دەرەوە بایەخێكی زۆرە بە كوردستان و سلێمانی و ئەم زانكۆیە".
بەرهەم ساڵح گوتی: "لە دیدارەكەدا وتووێژی زۆر روون و ئاشكرای تێدا كرا بۆ رەخساندنی زەمینەی لەیەكترگەیشتن، هیوادارم ئێمە زیاتر ئاشنا بووبێتین بەكێشەكانی دەرەوە، لێرە و خۆشمان زیاتر ئاشنا بووبێتین بە كێشەكانی ناوخۆی خۆمان و هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە بنێین".
بەرهەم ساڵح لەبارەی كێشەكانی عێراقەوە دوا و گوتی: "كێشەی گەورە بەرۆكی عێراقی گرتۆتەوە چ لە نێوان سوننە و شیعە یان لە نێوان كورد و عەرەب، پێویستە هەموومان لەوە تێ بگەین ئەو كێشانە پێویستی بە چارەسەریی بنەڕەتی هەیە، بەپێچەوانەوە ئەگەر وا نەكەین داعشیش لەناو بچێت داعشێكی تر دێتەوە جێگاكەی. بۆیە پێویستی بەكاركردنی جددی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەریی سیاسی یەكلاكەرەوە بۆ ئەم دۆخانە دروست بكەین و جارێكی تر داعش روومان تێ نەكاتەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "بەغدا لە دۆخی گۆڕانكاری گەورەدایە و كەوتۆتە سەر ئەوەی ئەو لایەنانە رێك دەكەون لەسەر نەخشە رێگایەك بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەی ئێستای عێراق بەتایبەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوەشی كە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات كەوتۆتەوە سەر رووداوەكان".
دیداری سلێمانی، دیدارێكی ساڵانەی فراوانە لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، یەكەم دیدار ساڵی 2013 ئەنجام درا و ئەمساڵ دیداری چوارەم بوو.
زانكۆی ئەمریكی ساڵی 2007 لە شاری سلێمانی دامەزراوە و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی زانكۆكەیە.