هه‌ولێر
دوای هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلول، نه‌خشه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان به جۆرێ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هات، هێزه سیاسییه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن به پێچه‌وانه‌ی بیست ساڵی رابردوو، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن په‌رله‌مان ناوه‌ندی بڕیار نه‌بووه، بۆیه ده‌یانه‌وێ له قۆناغی ئێستا په‌رله‌مان بكه‌ن به ناوه‌ندی بڕیار بۆ هه‌رێمی كوردستان و سیاسیه‌تی كورد له به‌غدا.
له دانیشتنی رۆژی سێشه‌ممه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان یوسف محه‌مه‌د پێش ده‌سپێكردنی به‌رنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان گوتی: "به‌بۆنه‌ی ساڵیادی بیست و دوو ساڵه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هیوادارین هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌چاوی مه‌رجه‌ع و ناوه‌ندی بڕیار سه‌یری په‌رله‌مان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره به پرۆسه‌ی دیموكراسی و پاراستن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌زموونه‌كه‌مان و ده‌سكه‌وته‌كان بده‌ین."
ئه‌ندامی فراكسیۆنی سه‌وز له په‌رله‌مانی كوردستان، فه‌رهاد سه‌نگاوی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "به‌داخه‌وه تائێستا حزبه سیاسییه‌كانی کوردستان حزبەکەی خۆشمی له‌گه‌ڵدابێ، رێگربوون په‌رله‌مانی كوردستان ببێ به‌مه‌رجه‌ع و ناوه‌ندی بڕیار لە هەرێمی کوردستان. به كرده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م په‌رله‌مان وه‌كو ده‌زگایه‌كی كارا‌و دوور له بابه‌تی حزبی و ریكلام رۆڵی خۆی وه‌ك ناوه‌ندێكی باڵا ببینێ بۆ ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانه‌وه چاره‌نووسی میلله‌ته‌كه‌مان دیاری بكرێ."
په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ی كورسییه‌كانی 111 دانەیە و نوێنه‌ری زۆربه‌ی هێزو لایه‌نه كوردستانییه‌كانی تێدایه. براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن دابه‌شبوون له سی و هه‌شت كورسیه‌وه بۆ یه‌ك كورسی.
ئه‌گه‌ر له رابردوودا حزبه‌كان ئاماده‌نه‌بوون به‌رپرسانی باڵا ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ لێپرسینەوە، له‌خولی چواری په‌رله‌مان زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان به‌رپرسی ده‌سترۆیشتووی حزبیان تێدایه به تایبه‌تی پ.د.ك و ی.ن.ك و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی. پێده‌چێ ئه‌مه وابكا ئه‌گه‌ر حزبه‌كان بیانه‌وێ په‌رله‌مان وه‌ك ناوه‌ندێكی بڕیار رۆڵ بگێڕێ به‌ئاسانی ده‌توانن ئه‌و رۆڵه به په‌رله‌مان بسپێرن، چیتر كۆبوونه‌وه و بڕیاره‌كان نه‌برێته ناو مه‌كته‌ب سیاسی حزبه‌كان.
په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی زه‌رد فرسه‌ت سۆفی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه خاوه‌ن خاك و میلله‌ت و كیانێكی تایبه‌ت به خۆمانین، بۆ هه‌ر بڕیارێكی چاره‌نووسساز پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ناوه‌ندێك كه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی هاووڵاتیانی تێدایه."
گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان پێده‌چێ سه‌ره‌تاكه‌ی لهوهوە دهستێبكا كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چواری ئه‌م مانگه‌دا كاتێ پۆستی سه‌ركۆماری عێراقی به هی كورد ناوبرد، رایگه‌یاند: هەر كەسێ بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق بپاڵێورێ، پێویستە ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستانی لەسەربێ.
په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی سه‌وز فه‌رهاد سه‌نگاوی ده‌ڵێ "كارێكی باشه ئه‌و كه‌سه‌ی پۆستی سهركۆمار وه‌رده‌گرێ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌سه‌ر بێ. به مه‌رجێ بۆ هه‌موو رێكکهتنه سیاسییه‌كان. پرس به په‌رله‌مان بكرێ نه‌ك هێزێك یان چه‌ند به‌رپرسێكی حزبی له ده‌ره‌وه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی میلله‌تی كورد بده‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نی تر دابنیشن."