سلێمانی
ئەمڕۆ بەرپرس و ئەندامانی ڕێكخراوی سكاڵا و چاودێری سەردانی وەفدی دانوستانەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیان كرد لە شاری سلێمانی و داواكارییەكیان ئاراستەی هەردوو لایەنەكە كرد.
لهمبارهوه بەرپرسی رێكخراوەكە شڤان زەنگەنە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی دڵنیا بوینەوە لەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنە جیاجیاكان دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی پۆست و ناكۆكییەكانیان نییە و هەمو بڕیارەكان لە دەست لایەنەكان خۆیاندایە، بڕیارماندا سەردانی وەفدی دانوستانكاری هەردوو لایەنەكە بكەین."
زەنگەنه دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ هەردوو لایەنەكە و پێشكەشكردنی داواكارییەك، ناوەڕۆكی داواكارییەكەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە كرد ئەگەر وهڵام بۆ داواكارییەكەیان نەبێ، هەنگاوی دیكه لە مانگرتن و خۆپیشاندان دەگرنە بەر.
لەداواكارییەكەدا هاتووە: "ئەمڕۆ 129 ڕۆژ تێدەپەڕێ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هاوڵاتیان چاوەڕوانی بەرهەمی ئەو دەنگانەن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و باشكردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانە و باشتركردنی سیستەمی كارگێڕی و بەڕێوەبردن و بنەبڕكردنی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا، نەك بۆ پێشێلكردنی یاساو دروستكردنی قەیران و بێڕێزیكردن بە دەنگی هاوڵاتیان و ئیفلیجكردنی سیستەمی نوێنەرایەتی دیموكراسی."
ڕێكخراوەكە لە داواكارییەكەیدا مەترسی توڕەبوونی جەماوەری خەڵكی پارێزگاكە بەهەردوولای ڕاگەیاندووە بەرامبەر ئەو بەڵێنانەی پێش بانگەشەی هەڵبژاردن بە هاوڵاتیانیان داوە.
هەروەها داوا دەكەن هەردوو لایەن سازش بۆ یەكتر بكەن و دانوستانەكانیان چڕتر بكەنەوە تا پێش دانیشتنی حەوتەمی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە بگەنە رێكەوتن و بەشێك لە بەرژەوەندییەكانیان بكەنە قوربانی بۆ خەڵكی سلێمانی.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژی 30 نیسانی ڕابردوو ئەنجامدرا، تێیدا بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان 11 كورسی و لیستی خزمەت 4 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان 3 كورسیان بەدەستهێنا.
هیچ لایەك لە گۆڕان و یەكێتی كە ڕكابەری بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكەن، نەیانتوانی ڕێژەی پێویست بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە كە 17 كورسییە بەدەست بهێنن، دوای دواخستنی شەش كۆبونەوەی ئەنجومەنەكەش هیچ لایەكیان ئامادەنین دەستبەرداری پۆستەكە بۆ بەرامبەرهكهی ببن.
لەبەرامبەردا لیستی خزمەت كه له ههریهك له یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێكهاتووه، دوو پێشنیاری بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار كردووە، پێشتر پێشنیاری كرد پۆستەكە دوو ساڵ بە دوو ساڵ دابەش بكرێ ، دواتر داوای كرد هەردوولا لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبكەون.