Muhammet Ali Kemal
26 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2015
نیویۆرک
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی:"دەمەوێت ئەوە بڵێم كە لەمڕۆوە ئەو هەڕەشەی تیرۆرەی كە لەسەر توركیا هەبوو، بەتەواوەتی كەم كراوەتەوە''.
داودئۆغڵو كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری نیویۆركە، لە گوتەیەكیدا لە خوانێكی وەقفی (توركن) باسی لە پێكدادانەكانی وڵاتانی ناوچەكە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لایەن توركیاوە كرد.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد ئەو وڵات و گەلانەی هاوشێوەی توركیا لەو جوگرافیا هەستیارانەدا هەڵكەوتوون، ئەو تاقیكردنەوانەی پێیدا تێدەپەڕن سەخت دەبێت و گوتی: "بەرۆژانی زۆر سەختدا تێدەپەڕین. دەورووبەرمان بە ئاگر دەورەدراوە. لە سووریا، ئۆكراینا، عێراق، لوبنان، یەمەن، لیبیا جەنگی نێوخۆ درزی خستووەتە پێكهاتەی دەوڵەتەوە لەو وڵاتانە و خەریكە چینەكانی كۆمەڵایەتی بە تەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوە''.
داودئۆغڵو لە گوتەكەیدا ئاماژەی بۆ رووداوەكانی توندوتیژی ئەم دواییە كرد و باسی لەوە كرد لەنێوان رۆژانی 20 بۆ 23ی تەمووزی رابردوودا بەرەوڕووی هێرشەكانی هەریەك لە داعش، دەهەكەپەجە و پەكەكە بوونەتەوە.
داودۆغڵو باسی لەوەكرد لەدژی ئەو سێ رێكخراوە ئۆپەراسیۆنی هاوكاتیان دەست پێ كردووە و گوتی: "بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوكاتانەوە،دەمەوێت ئەوە بڵێم كە لەمڕۆوە ئەو هەڕەشەی تیرۆرەی كە لەسەر توركیا هەبوو، بەتەواوەتی كەم كراوەتەوە. ئەو پەناگانەی لە باكووری عێراق پەكەكە خۆی تێدا حەشاردەدا، گەنجینەكانی چەك و تەقەمەنییان، بارەگاكانیان، لە سووریاش هەموو پێكهاتە و پێگەكانی هەڕەشەكانی داعش بۆ سەر توركیا، بارەگاكانیان تا رادەیەكی زۆر باش لەناوبراون، لەنێوخۆی وڵاتیش لە شارەكان و لە چۆڵەوانییەكانیش، رێگایەكی زۆرمان بڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی رای گشتی و سەروەری''.